ئێران دەیەوێ سیناریۆی عەلاوی لەسەر سەدر دووبارە بکاتەوە
ئێران بۆ گەیشتن بە حکوومەتێکی عێراقیی نوێی نزیک لە خۆی، دەیەوێ سیناریۆی عەلاوی لەسەر سەدر و سائیروون دووبارە بکاتەوە. ھاوکات، ئەمریکییەکانیش لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان لەسەر خەتن تاوەکوو ڕازییان بکەن بە حکوومەتێک کە لەژێر ھەژموونی ئێران بێتە دەرەوە.
بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق (فراکسیۆنی زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق، دەسەڵاتی پێکھێنانی حکوومەتی ھەیە) ئەوەش بەو مانایەی کە ئەگەر فراکسیۆنێک براوەی یەکەمیش بێت لە ھەڵبژاردن وەکوو (سائیروون)ی موقتەدا سەدر، بەڵام لەدوای ھەڵبژاردن چەند فراکسیۆنێکی دیکە یەک بگرن و ژمارەی کورسییەکانیان زیاتر بێت لە براوەی یەکەم، ئەوە ئەوان ڕێگای پێکھێنانی حکوومەتیان پێ دراوە.
ھەر لەسەر بنەمای ئەو ماددە دەستوورییەش، لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ی رابردووی عێراق، کاتێک ئەیاد عەلاوی، بە ناوی لیستی عێراقییە ٩١ کورسیی بەدەست ھێنا، بەڵام بەھۆی ھاوپەیمانییەوە، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، بە بەدەستھێنانی ٨٩ کورسی، بە ھاوپەیمانی لەگەڵ لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی ( ٧٠ کورسی) بووە خاوەنی پێکھێنانی حکوومەت و سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەو پێیە، ئەگەر لیستەکەی موقتەدا سەدر، کە زۆرترین کورسیی بەدەست ھێناوە، تاوەکوو یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەڵبژێردراو، لیستی لەو ھاوپەیمانەکانی گەورەتر پەیدا نەبێ، کاندیدی لیستی سەدر رادەسپێردرێ حکوومەت پێک بێنێ، بەڵام ئەگەر لیستی دیکە ھاوپەیمانییان پێکھێنا و ژمارەی کورسییەکانیان زیاتر بوو لە سودر و ھاوپەیمانانی، ئەوە ئەوان کاندیدێک بۆ پێکھێنانی حکوومەت رادەسپێرن، کە بەپێی زانیارییەکانی (باس) ئێستا لیستەکانی نزیک لە ئێران، وەکوو (فەتحی عامری و دەوڵەتی یاسایی مالیکی) لەگەڵ سوننە و ھەندێ لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ھەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی سیناریۆکەی عەلاوی بەسەر موقتەدا سەدردا، بە شێوەیەک بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە پەیوەندیی بە فشاری ئەو وڵاتەوە ھەبێت بۆ سەر لایەنە نەیارە عێراقییەکانی، تاوەکوو لەدەرەوەی ھەژموونی ئەو حکوومەت پێک نەھێنن.
لەمبارەیەوە، بورھان فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی و چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا ھیچ ئاماژەیەکی روون لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراقدا دەرنەکەوتووە، گوتیشی: “لە ھەموو کاتەکانی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق دواکەوتن ھەبووە، بەڵام لەمجارە لەبەرئەوەی ناوماڵی شیعە دابەشکاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ھەر ماڵەی بۆ چەند ماڵێک دابەش بووە و ورد بوونەتەوە و کێشەی گەورەیان تێ کەوتووە، ئەوە ھۆکاری جەوھەریی دەرنەکەوتنی روخساری ئەو حکوومەتە نوێیەیە”.
ئەو چاودێرە پێشی وابوو، پردی پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان لەدوای ھاتنی داعشەوە لاوازیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی شیعە و سوننە، کورد و شیعەش لەلایەکی دیکە، یان کورد و سوننە، لەگەڵ دەستوەردانی زیاتری ئیقلیمی و دەولی، بەھۆی خراپیی پەیوەندی و بچووکبوونەوەی لایەنەکان، ئەوە وای کردووە ھیچ ئاماژەیەک تا ئێستا کە وا لە مانگێک لەدوای ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، لە رووخساری ئەو حکوومەتە نوێیەی عێراق دەرنەکەوێ.
بورھان فەرەج، پێشی وابوو عێراق لە دۆخێکی ناتەندروستدایە، چونکە لەلایەک ئێران دەیەوێ حکوومەتێک دروست بکات کە وەلای بۆ خۆی ھەبێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا دەیەوێ حکوومەتەکە نزیک بێت لە خۆیەوە، لەو کێشمە کێشمەدا ئێران بەھێزە و ئەمەریکاش بەھێزە، ئیتر روون نییە حکوومەتەکە چۆن یەکلا دەبێتەوە و چ سیناریۆیەک لەسەر ئەوەی دیکە سەردەکەوێ.
لای خۆشیانەوە، جەمال کۆچەر پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا ھیچ رووخسارێکی یەکلاکەرەوە بۆ حکوومەتی نوێی عیراق دەرنەکەوتووە، ئەوەش پەیوەندیی بەو دابەشکارییەوە ھەیە لەناو ماڵی شیعەکان بە تایبەتی دەوڵەتی یاسا رووی داوە کە بەشێکی کورسییەکان بە دەستی حەیدەر عەبادی و لیستی نەسڕەوەیە و بەشەکەی دیکەی بە دەستی دەوڵەتی یاسا و مالیکییەوەیە، کە ھەردوو لاش جیاوازن و مالیکی و فەتح ئەجێندای دیکە و عەبادی سەر بە ھەژموونی دیکە دەبینرێ، گوتیشی: ”پێشبینی دەکرێت، ھەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٠ی عەلاوی بەسەر موقتەدا سەدر روو بداتەوە، ئەگەر بێت و سەدر بەپەلە ھەوڵی پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی دیکە و سوننە و کورد نەدات“.
باسنیوز