دادگاى فیدڕاڵى دانیشتنێك له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دوا ده‌خات

 دادگاى فیدڕاڵى دانیشتنێك له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دوا ده‌خات
دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بۆ تانه‌دان له‌ ناده‌ستووری بوونى ده‌رهێنانى نه‌وت له‌هه‌رێمى كوردستان به‌ڕاسته‌وخۆیی دانیشتنی كرد و بڕیاری دا، بۆ 27ى حوزه‌یران دواى بخات و بوارى ره‌ِخساند بۆ بریكارى داواله‌سه‌ر كراو و بریكارى كه‌سی سێیه‌م سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌شێوه‌ى كۆتایی وه‌ڵامى داواكه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

ئیاس سامۆك، گوته‌بێژى فه‌رمى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى له‌عێراق، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕای گه‌یاند: "دادگا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر مدحه‌ت مه‌حموود و ئاماده‌بوونى سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى دادگاكه‌، دانیشتنى خۆى كرد و تێیدا دادبینی بۆ داوایه‌كی وه‌زیری نه‌وتى عێراق كرد به‌وه‌ى ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه‌، ناده‌ستوورییه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌كان ئاماده‌ بوون، له‌وانه‌ش بریكارانى هه‌رسێ كه‌سایه‌تییه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدڕاڵى، وه‌زیری دارایی فیدڕاڵی و سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌وه‌ش له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ بریكارى داواله‌سه‌ر كراو وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانى كورستان و كه‌سى سێیه‌م سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى دواخستنى دانیشتنه‌كه‌یان كرد.

بۆ ئه‌وه‌ش دادگا بڕیارى دواخستنى دانیشتنه‌كه‌ى بۆ 27ى حوزه‌یرانى داهاتوو دا به‌مه‌رجێك 10 ڕۆژ پێش دانیشتنه‌كه‌ لیستى وه‌ڵامه‌كان ئاماده‌ بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دادگا وه‌لامه‌كان پشتگوێ ده‌خات.









باسنيوز
Top