مەشعان جبوری: لە پەرلەمان واژۆ بۆ لادانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەكەینەوە

 مەشعان جبوری: لە پەرلەمان واژۆ بۆ لادانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەكەینەوە
مەشعان جبوری، سەرۆكی حیزبی نیشتیمان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆك كۆماری عێراق لە زۆربەی ڕەفتار و هەڵوێستەكانیدا "هەمیشە ڕاوبۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان" بووە نەك وەك نموونەی سمبوڵی دەستور یان سمبوڵی یەكگرتوویی گەلی عێراق، دەشڵێت، "لە پەرلەمان واژۆ بۆ لادانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەكەینەوە".

ئەو وتانەی مەشعان جبووری دوای ئەوە دێت، فواد مەعسوم، سەرۆكی كۆماری عێراق داواو پرسیاری ئاڕاستەی دادگای دەستوری كرد بۆ خستەڕووی بۆچوونەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

مەشعان جبوری بە دەنگی ئەمەریكا-ی راگەیاند، "جارێ یەكەم بە داخەوە، زۆربەی ڕەفتار و هەڵوێستەكانی سەرۆك كۆمار لە بارەی ئەو ڕووداوانەی لە عێراق ڕوودەدەن، هەمیشە ڕاوبۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە نەك وەك نمونەی سمبوڵی دەستور یان سمبوڵی یەكگرتوویی گەلی عێراق بێت، بەداخەوە دەڵێم، بەداخەوە دووبارە لەزۆربەی حاڵەتەكاندا وابووە".

جبوری هەروەها ئاشكراشیدەكات لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی كۆكردنەوەی واژۆ دەدرێت بۆ لادانی سەرۆك كۆماری عێراق لە پۆستەكەی، باس لەوەش دەكات "ئەگەر كۆمسیۆن یاسای پەرلەمان جێ بەجێ نەكات هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەچنە زیندانەوە."

سەبارەت بەوەی ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەند نەبوو بە بڕیاری هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست مەشعان جبوری وتی، "كەس ناتوانێت یاسا جێ بەجێ نەكات، یاسا بەواجبی هەموو كەس و لایەنەكان دەبێت جێ بەجێی بكەن، كۆمسیۆن ناتوانێت یاسا جێ بەجێ نەكات، ئەوە پەیوەندی بەدەوڵەتەوە نیە، دەوڵەتی عێراق دەسەڵاتەكانی جیاكردووەتەوە هەستاوە بەبەدیاریكردنی ئەركی سەرجەم دامەزراوەكان پەرلەمانیش مافی یاسادانانی هەیە و پێویستە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت پێوەی پابەند بن بە كۆمسیۆنیشەوە ئەگەرنا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دەچنە زیندانەوە".

مەشعان جبووری رونیشیكردەوە، "دامەزراوەیەكی وەك سەرۆكایەتی كۆمار بووەتە شوێنی ئەداكردنی حیزبێك كە پۆستەكەی پێدراوە وەك پشك، هەتا لەسەر ئاستی فەرمانبەران و ڕاوێژكارەنی ئەو دامەزراوەیە ئەو مۆركە حیزبیەی پێوەدیارە، پاشان سەرۆك كۆمار خۆی خستووەتە هەڵەیەكەوە كە هیچ بیانوویەك بۆ ئەو هەڵە زەقە نیە، لەكاتێكدا ئەو پارێزەری دەستورە، دەزانێت كە لەئەركەكانی كە دەستور بۆی دیاریكردووە".

جبووری زیاتر دەڵێت، كاری دادگای باڵای عێراق پرسیاركردن نیە لێی، دادگای باڵا كاری یەكلایی كردنەوەی كێشەكانە وە چاودێریكردنی دەستوری بونی یاساكانە كە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەردەچێت، نەك كاری پرسیار ڕاوەرگرتن، سەرۆك كۆمار دەتوانێت تانە لەو یاسایانە بدات كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت نەك داوای شیكردنەوە و پرسیاركردن بكات لەدادگای فیدراڵی."

جبوری ئاماژەی بەهەڵەیەكی دیكەی دەستوری كرد كە سەرۆك كۆماری عێراق لە نوسراوەكەی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامیداوە، دەڵێت، "بابەتێكی تر ئەوەیە كە سەرۆك كۆمار بەڕێوەبەری نوسینگەكەی ڕاسپاردووە ئیمزای نوسراوەكەی ئەو داوایە بكات، كە ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی كردووە كە ئەوەش پێشێلكردنی یاسایە وە پێشێلكاریە بەرامبەر دادگای فیدڕاڵی، لەبەر ئەوەی دادگای فیداراڵی و سەرۆكی دادگاكە دەسەڵاتەكانیان هاوتایە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆیە پێویستە لە ئاستێكی باڵادا گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت نوسراو و داواكاری ئاڕاستە بكرێت."

جبوری پەردەی لەسەر هەوڵی چەند پەرلەمانتارێكی عێراقی دا بۆ لادانی فواد مەعسوم لە پۆستەكەی و وتی، "لەناو پەرلەمانی عێراق پلانی جددی بەكردار دادەنێین كە ئەگەر سەرۆك كۆمار بەردەوام بوو لەسەر ڕێزنەگرتن لە دەستور وە جێ بەجێنەكردنی ئەركە دەستوریەكانی وەك سەرۆك كۆمار، هەوڵی ئەوەدەدەین دەنگ كۆبكەینەوە بۆ لادانی سەرۆك كۆماری عێراق لە پۆستەكەی، ئەم هەوڵانەش هەوڵی ڕاستەقینەی چەند ئەندامێكی پەرلەمانن".

لەبارەی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە سەر بەكام فراكسیۆنن جبوری دەڵێت، "لە هەموو لیستەكان تا لیستەكوردییەكانیش، ئێوە یا هەركەس لە بەیاننامەی چوار حیزبەكە مەبەستم هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووە ئەو قسانەیان كردبوو بەرامبەر سەرۆك كۆمار كە من ئێستا دەیكەم."




خەندان
Top