سەدر هەڕەشەیەکی توند دەکات و مۆڵەتێکی کاتی دەداتە حکوومەت

 سەدر هەڕەشەیەکی توند دەکات و مۆڵەتێکی کاتی دەداتە حکوومەت
رێبەری رەوتی سەدر هەڕەشەیەکی توند دەکات و مۆڵەتێکی کاتی دەداتە حکوومەتی عێراق.



موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی سائیرون و بەرەی چاکسازیخواز لە هەڵبژاردن سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، وڵاتانی ئێران و تورکیا هەوڵی سزادانی گەلانی عێراق دەدەن.



موقتەدا سەدر هۆشداریی داوەتە ئەو دوو وڵاتە و رایگەیاندووە، ئەگەر دەیانەوێ بە سەرکەوتنی بەرەی چاکسازیخواز سزای گەلانی عێراق بدەن بە گرتنەوەی ئاوی رووبارەکان، ”هەرگیز رێگا بەوە نادەم“.



رێبەری رەوتی سەدر مۆڵەتی ”چەند رۆژێک“ی داوەتە حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبا، ئەگەر نا بکشێتەوە و رێگا بۆ رەوتی سەدر چۆڵ بکات تا ”ماف بۆ خاوەن مافەکان بگێڕێتەوە“.



چەند رۆژێکە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران ئاوی ئەو رووبارانەیان گرتووەتەوە، کە دەڕژێنە ناو رووباری دیجلە و ئەمەش بە سەرەتای قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.



رووباری دیجلە، کە سەرچاوەکەی لە باکووری کوردستانە و چەندین رووباری لە باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕژێتە ناو، بە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی باشووری کوردستان و عێراق دادەندرێت.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا سائیرون،کە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکات، پلەی یەکەمی بە دەست هێنا.







باسنیوز
Top