هۆشداری دەدرێ چەند ڕۆژێكی تر بەنداوی مووسڵ وشك دەكات

 هۆشداری دەدرێ چەند ڕۆژێكی تر بەنداوی مووسڵ وشك دەكات
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هۆشداری دا لە وشكبوونی بەنداوی مووسڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەمەشی بۆ كردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ لەلایەن حكوومەتی توركیا گەڕاندەوە.

نەهلە هوبابی ئەندامی ئەنجوومەنەكە ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكیدا لەبارەی مەترسی وشكبوونەوەی بەنداوی مووسڵەوە، رەخنەی لە حكوومەتی عێراق گرت، لەمبارەیەوە بەلاواز و بێ باك وەسف كرد.

هوبابی گوتی ئیدارەی شكستخواردووی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان، بەتایبەتی هی حكوومەتەكەی عەبادی، بوونەتە هۆی هاتنەكایەی تەنگژەی ئاو، لەبەرئەوەی هەنگاویان بۆ چێكردنی هیچ ڕێكەوتنێكی ئاوی لەگەڵ ئەنقەرە نەناوە.

هەروەها گوتی حكوومەتی بەغدا چەندین هەلی گەورەی لەدەست داوە بۆ ناچاركردنی لایەنی توركیا كە بەلایەنی كەمەوە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لە ئاستی خۆیدا بهێڵێتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هێزەكانی پەكەكەی وەك یەكێ لە كارتەكانی فشار بەدەست بەغدا وەسف كردووە و رایگەیاندووە كە عێراق دەیتوانی لەمبارەیەوە ڕێگە بەهاتنە ناوەوەی سوپای توركیا نەدات، ئەمەش جگە لە كارتی فشاری ئابووری.

دووپاتیشی كردەوە مەترسی هەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئاوی بەنداوی مووسڵ وشك بكات، بەمەش تەواوی ناوچە كشتوكاڵییەكانی نەینەوا دەكەونە بەر مەترسییەكی گەورەی وشكبوونەوە.









باسنيوز
Top