سعوودییه‌ هاوكێشه‌ی سیاسی عێراقی گۆڕی

سعوودییه‌ هاوكێشه‌ی سیاسی عێراقی گۆڕی
هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نووری مالیكی پێیوایه‌، شانشینی سعوودییه‌، له‌ گۆڕینی هاوكێشه‌ی سیاسی عێراق سه‌ركه‌وتوو بووه‌و له‌باره‌ی جیبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی مه‌ترسیداریشه‌وه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو هۆشداری ده‌ده‌ن.

محه‌مه‌د سه‌هیوود، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مالیكی ده‌ڵیت: "ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ساخته‌ن و راست نیین، له‌ رێگه‌ی دیكه‌وه‌ ده‌نگه‌كان سه‌رله‌نوێ جیاده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئاماده‌كراوون و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوزارشت له‌ ئیراده‌ی گه‌لانی عێراق ناكه‌ن".

سه‌هیوود ئه‌وه‌یشی گوتووه‌: "سامر سه‌بهان، باڵیۆزی پێشووی سعوودییه له‌ عێراق‌، پێش هه‌ڵبژاردن ته‌ئكیدی كردبووه‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌توانێت هاوكێشه‌كه‌ له‌ عیراق بگۆڕێت، ئه‌و راستیكرد و وڵاته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ یاریكردن به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 وه‌".

ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه‌، گۆڕینی هاوكێشه‌كه‌ له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی پیلانگێڕییه‌ به‌سه‌ر عێراقدا به‌تایبه‌تی پرۆژه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل".

به‌گوێره‌ی ده‌ره‌نجامه‌ راگه‌یێنراوه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، هاوپه‌یمانی سائیروون به‌ پاڵپشتی موقته‌دا سه‌در، كه‌ ده‌گوترێ له‌ سعوودییه‌وه‌ نزیكه‌ به‌ 54 كورسی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی مالیكی به‌ 26 كورسی له‌ پله‌ی چواره‌مدایه‌.




K24
Top