عه‌بادى به‌م نزیكانه‌ بڕیارى جیابوونه‌وه‌ى له‌ حزبى ده‌عوه‌ دەدات

عه‌بادى  به‌م نزیكانه‌ بڕیارى جیابوونه‌وه‌ى له‌ حزبى ده‌عوه‌ دەدات
سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان، به‌ڕۆژنامه‌ى (حه‌یات)ى له‌نده‌نییان ڕاگه‌یاندووه‌، عه‌بادى له‌وه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌، به‌م نزیكانه‌ بڕیارى جیابوونه‌وه‌ى له‌ حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی له‌ عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكی، بدات.


سه‌رچاوه‌كان به‌ ڕۆژنامه‌ى (حه‌یات)یان ڕاگه‌یاندووه‌: "مه‌رجه‌عى شیعه‌كان له‌ نه‌جه‌ف و ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در، هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌گه‌ر له‌ حزبى ده‌عوه‌ بێت، پێویسته‌ سه‌ربه‌خۆ بێت و له‌ده‌ره‌وه‌ى ڕاسپارده‌ى حزبه‌كه‌ بێت".



ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌، كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى، له‌و بۆچوونه‌ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا بڕیارى نه‌داوه‌: "له‌و بڕیاره‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی شێوازى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانى حزبه‌كه‌ى".


ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌، كه‌ له‌ناو حزبى ده‌عوه‌ ناكۆكیی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر هاوپه‌یمانێتیكردن له‌گه‌ڵ لیستى سائیروون به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در.


ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ میحوه‌رى نوورى مالیكی، له‌ناو حزبى ده‌عوه‌ به‌ته‌واوه‌تى ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ لیستى نه‌سڕ هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ سائیروون ببه‌ستێت، هۆكاره‌كه‌شى بۆ هه‌ڵوێستى سه‌در به‌رامبه‌ر به‌ مالیكی، ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.


به‌پێی زانیارییه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، له‌ بانگهێشته‌كه‌ى مالیكی بۆ به‌ربانگكردنه‌وه‌، شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌ له‌نێو سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ دروست بووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ى كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بوو له‌ حزبه‌كه‌یان.





باسنیوز
Top