مالیکی و عەللاوی: پێویستە هیچ لایەنێک لە پێکهێنانی حکوومەت پشتگوێ نەخرێت
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی پێنجشەممە 31/5/2018 نوری مالیکی لە بەغدا لەگەڵ ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مالیکی و عەللاوی، کە هەردووکیان سەرۆک وەزیرانی پێشتر و پێشووتری عێراق بوون، تاوتوێی رەوشی سیاسی و ئەمنیی و چۆنێتیی دەربازبوون لە قەیرانەکانی وڵاتەکەیان، کردووە.
هەروەک نووسینگەی راگەیاندنی مالیکی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی هەردوو هاوپەیمانییەکە جەختیان لە پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کردووە، بەشێوەیەک، کە لەڕێی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و هاوکاریی هەموو لایەنەکان، پێک بهێندرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مالیکی و عەللاوی بەپێویستیان زانیوە هیچ لایەنێک لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ”دوور نەخرێتەوە و پشتگوێ نەخرێت“.
ئەو هەڵوێستەی مالیکی لەکاتێک دایە، کە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن، داوای پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی دەکرد، بەو واتایەی هەردوو پێکهاتەی سوننە و کورد پشتگوێ بخرێن.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا هاوپەیمانیی سائیرون پلەی یەکەمی بە دەستەبەرکردنی 54 کورسی پەرلەمانی، بە دەست هێنا.
لە هەڵبژاردنەکەدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 26 کورسی بەدەست هێنا و ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی 21 کورسی بەدەست هێنا.
باسنيوز