سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق داواكاریه‌ك ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵ ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق داواكاریه‌ك ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵ ده‌كات
له‌ دوو نووسراوی جیاوازدا سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق داوا له‌ دادگای باڵای فیدڕاڵ ده‌كات, رای خۆی له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان نیشان بدات.

له‌و دوو نووسراوه‌ جیاوازه‌دا، كه‌ واژۆی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراقی له‌سه‌ره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌‌, كه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار داوای له‌ دادگای فیدڕاڵی كردووه‌، كه‌ تاچه‌نده‌ بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دانیشتنه‌كه‌ی 28ی ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ مادده‌ی 59ی ده‌ستوور ده‌گونجێت.

سه‌رۆكایه‌تی كۆمارى عێراق راشیگه‌یاندووه‌: یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ساڵی 2007، رێوشوێنی تانه‌ لێدانی تایبه‌ت به‌ بڕیاره‌كانی كۆمسیۆنى دياريكردووه‌.

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دوا دانیشتنی نائاساییدا, كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی عێراق ده‌ركرد، كه‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوون، له‌وانه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان له‌ناوخۆی عێراق، وێرای هه‌لاوێركردن و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ له‌ 10%ی ده‌نگه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری عێراق.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاند، جووڵه‌یه‌ك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌یه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ كۆمسیۆنی باڵا هه‌ڵبژاردنه‌كان و كۆتاییهێنان به‌ كاره‌كانی, ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دان، كۆمسیۆن پێشێلكاری زۆرى به‌رامبه‌ر به‌ ده‌نگی هاووڵاتیان و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ناوی نه‌كراوه‌ دووپاتیكردۆته‌وه‌‌،"مادده‌ی 2 له‌ یاسای كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان ئه‌و مافه‌ به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران ده‌دات، چاودێری كار و ئه‌ركه‌كانی كۆمسیۆن بكات"، گوتیشی: "ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چاودێریكردنه‌ تا به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش درێژ ده‌بێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی: "كۆمسیۆن له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ پێكهێندراوه‌ و ده‌كرێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی به‌ هه‌مان میكانیزم ئه‌نجام بدرێت".

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرایكرد، "هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆن ته‌نیا له‌لایه‌ن شكستخواردووه‌كانه‌وه‌ نادرێن، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركه‌وتووانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ و كوتله‌كانیان بكات، كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆن ده‌ده‌ن.

له‌ دانیشتنی پێشتریش، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆمه‌ڵێك بڕیاری له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی ده‌ركرد، له‌وانه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق و كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان، وێڕای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی رێژه‌ی له‌ 10%ی ده‌نگه‌كان، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك له‌ یاساناس و نوێنه‌ران جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران ده‌رده‌كرێت ته‌نیا به‌ پله‌ی "راسپارده‌" وه‌رده‌گیرێت، نه‌ك بڕیار.
k24 -
Top