سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ترسی له‌ ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ له‌ كاروباری ناوخۆی وڵات هه‌یه‌ و تكاش له‌ وڵاتانی دراوسێ ده‌كات، ده‌ستوه‌ردان نه‌كه‌ن.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ترسی له‌ ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ له‌ كاروباری ناوخۆی وڵات هه‌یه‌ و تكاش له‌ وڵاتانی دراوسێ ده‌كات، ده‌ستوه‌ردان نه‌كه‌ن.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا، رایگەیاند، عێراقییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگیان نه‌داوه‌، وڵاتان حكوومه‌تیان بۆ دروست بكه‌ن.

عەبادی گوتی: "داواكاری بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵه‌یه‌، رێگه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان یاخود راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و پێشێلكارییه‌كان و له‌م روه‌شه‌وه‌ یاسای داڕێژراو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌".

گوتیشی: "كۆمسیۆن له‌ باسكردنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان راست نییه‌ و ده‌بێت كۆمسیۆن كاری خۆی بكات و نه‌ك باسی شه‌ڕی ناوخۆ بكات. من داوا له‌ كۆمسیاران ده‌كه‌م كۆششه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و له‌ كه‌س نه‌ترسن و هه‌ڵه‌كان په‌رده‌پۆش نه‌كه‌ن. پرسی شه‌ڕی ناوخۆ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌م. به‌ راشكاوانه‌ ده‌یڵێم ترسم له‌ ده‌ستوه‌ردانی وڵاتان هه‌یه‌ و بۆیه‌ به‌ هه‌مووان ده‌ڵێم سوپاس بۆ هاوسۆزیتان. سوپاس بۆ پاڵپشتیتان بۆ سه‌قامگیری عێراق. ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییمان هه‌بێت به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، به‌ڵام تكا ده‌كه‌م، ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتمان مه‌كه‌ن. تكایه‌ ئه‌گه‌ر داواتان لێنه‌كه‌ین، ده‌ستوه‌ردان مه‌كه‌ن و عێراقییه‌كان ده‌توانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هاووڵاتییان ده‌نگیان نه‌داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێ حكوومه‌تمان بۆ دروست بكه‌ن".





K24 -
Top