ئێران هه‌موو كارته‌كانی ده‌خاته‌ خزمه‌تی مالیكی

ئێران هه‌موو كارته‌كانی ده‌خاته‌ خزمه‌تی مالیكی
جارێكی دیكه‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو دیمه‌نی سیاسی عێراق و بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا بووه‌ته‌ ژووری ئۆپراسیۆن و ئامانجیش ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی سه‌در و عه‌بادی ده‌ربهێنرێت و كوتله‌ی زۆرینه‌ له‌لایه‌ن مالیكی و عامری پێكبهێنرێت.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی، كه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30/5/2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی عێراق بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 گورزێكی قورسی له‌ ئێران و شوێنكه‌وتووانی وه‌شاند. ئێستاش ئێران به‌ هه‌موو كاره‌ته‌كانی به‌رده‌ستییه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌لایه‌كی دیكه‌دا قوڵپ بكاته‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسی دۆسێی عێراق له‌ سوپای پاسداران (قاسم سوله‌یمانی) بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ راسپێردراوه‌و له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵیشیدا نه‌یتوانیوه‌ له‌ پلانه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بێت و شكستیهێناوه‌".

عوكاز نوسیوویه‌تی "سوله‌یمانی ده‌یه‌وێت كار‌ته‌كان تێكه‌ڵ بكات و مێزه‌كه‌ به‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا هه‌ڵگێڕێته‌وه‌. له‌ رێگه‌ی پاڵپشتیكردنی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان درووست بكات و زه‌مینه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بۆ نووری مالیكی بڕه‌خسێنێت".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، قاسم سوله‌یمانی به‌ هه‌موو كارت و تواناكانی به‌رده‌ستییه‌وه‌ ده‌ستی به‌ جووڵه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌ قایل بكات نه‌چنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نه‌سری عه‌بادی و سائیروونی سه‌دره‌وه‌".

رۆژنامه‌ سعودییه‌كه‌ ده‌ڵێت، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا بووه‌ به‌ ژوورێك بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانی مالیكی و له‌گه‌ڵ هێزه‌ سوننییه‌كانیش ده‌ست به‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ كراوه‌و له‌گه‌ڵ حزبی حه‌لی سوننی كه‌ خاوه‌نی 14 كورسیییه‌ گفتوگۆی چڕ كراوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كانی ناو هێزه‌ سوننی و شیعییه‌كان گفتوگۆ هه‌یه‌".

عوكاز ده‌ڵێت، نووری مالیكی و باڵیۆزخانه‌ی ئێران به‌ڵێنی زۆری به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی مالیكی و عه‌بادییه‌وه‌".

هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری خاوه‌نی 47 كورسی و هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی خاوه‌نی 26 كورسییه‌ و پێویستیان به‌ هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌ تا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ درووست بكه‌ن و ژماره‌ی كورسییه‌كانیان بگاته‌ 165 له‌ كۆی 329 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق.







K24
Top