سه‌رۆك هۆزێكى عێراق: عه‌بدولكه‌ریم قاسم پیاوى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا بوو

 سه‌رۆك هۆزێكى عێراق: عه‌بدولكه‌ریم قاسم پیاوى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا بوو
سه‌رۆك هۆزى «به‌نى تمێم» له‌ عێراق، چه‌ند نهێنییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و حزبى شیوعى عێراق، ئاشكرا ده‌كات و «زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم» به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌موچاوه‌كانى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا.

محه‌مه‌د باقر سوهێل، سه‌رۆك هۆزى به‌نى تمێم، له‌ دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌باره‌ى ڕووخانى پاشایه‌تى له‌عێراق و هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى «عه‌بدولكه‌ریم قاسم»، ڕای گه‌یاند: "شیوعییه‌كان وه‌كو گیره‌ى ئاگر بوون و به‌ریتانیا به‌كاریانى هێنا".

ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌: "شیوعییه‌كان كاتێك بنه‌ماڵه‌ى شایان كوشت، نه‌یانده‌ویست به‌و شێوه‌یه‌ شا نیشان بده‌ن كه‌ دڵسۆزى عێراق بووه‌ و وڵاتیان خۆشه‌ویستووه‌، نورى سه‌عید پاشاش ده‌یه‌ویست وڵاته‌كه‌ زیاتر گه‌شه‌ پێبدات بۆیه‌ ئینگلیزه‌كان كوشتیان، به‌ڵكو ده‌یانگوت ئه‌وانه‌ ڕه‌جعى و دواكه‌وتوو و گه‌نده‌ڵ بوون بۆیه‌ كوژران، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌.

ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌ له‌ درێژه‌ى دیداره‌كه‌یدا، گوتیشی: "به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست حزبى شیوعییه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ده‌ست عه‌بدولكه‌ریم قاسمه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌ویش پیاوى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا بووه‌".

باسى له‌وه‌ش كرد، كه‌ ته‌نها ئه‌و نییه‌ ده‌ڵێت «عه‌بدولكه‌ریم قاسم» كه‌ به‌ «زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم» ده‌ناسرا، پیاوى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا بووه‌، به‌ڵكو كه‌سانى تریش ئه‌وه‌یان گوتووه‌ و ئه‌وه‌ش شاراوه‌ نه‌بووه‌.

له‌باره‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ له‌سه‌رده‌مى «زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم» دروستكران، ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌ گوتی: "هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ له‌سه‌رده‌مى شا ئاماده‌كارییان بۆ كرابوو، كه‌ پلانێكى پێنج ساڵه‌ بوو له‌ 1958 ده‌ستى پێده‌كرد تا 1963، عه‌بدولكه‌ریم قاسم هاته‌ سه‌ر حازرى و دروستیانى كرد، ئه‌و پارانه‌ش كه‌ له‌ بانكه‌كان بۆ پرۆژه‌كان دانرابوون، هه‌مووى په‌رش و بڵاو كرد".

عه‌بدولكه‌ریم قاسم (1914 - 9ى شوباتى 1963) ئه‌فسه‌رێكى پله‌ باڵاى عێراق بوو له‌سه‌رده‌مى شا، له‌ دواى 14ى ته‌مووزى 1958 كه‌ بنه‌ماڵه‌ى شا كوژران، بوو به‌یه‌كه‌م حاكمى عێراق له‌ دواى شا و سیستمى پاشایه‌تی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.









باسنيوز
Top