فیفا بە توندی هۆشداریی دەداتە حکوومەتی عێراق
لە بەیاننامەیەکدا، فیفا رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق پابەندە بەوەی دەست لە کاروباری ناوخۆی یەکێتیی تۆپی پێ وەرنەدات و دەبێ سەربەخۆیی ئەو یەکێتییە بپارێزێت.
فیفا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولخالق مەسعود، سەرۆکی یەکێتییەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، عەبدولخالق مەسعود باسی رەوشی تۆپی پێی عێراقی و دەستوەردانەکانی حکوومەتی عێراق و دادگاکانی لە کاروباری یەکێتییەکە بە گشتی و هەڵبژاردنی تایبەتی دەستەی یەکێتییەکە، کردووە.
فیفا هۆشداریی داوەتە حکوومەت و دادگاکانی عێراق و رایگەیاندووە، ئەگەر هەر دەستوەردانێک لە کاروباری یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی رووبدات، ئەوا یەکێتییەکە و یارییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق سڕ دەکرێن.
باسنیوز