"نه‌ شیعییه‌ و نه‌ سوننییه‌، نه‌ عه‌ره‌بییه‌ و نه‌ كوردییه‌، حكومه‌تی عێراقییه‌"

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و پاڵپشتیكاری هاوپه‌یمانی سائیروون ده‌ڵێت: "رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی نزیكه‌".

سه‌در له‌ تویته‌ره‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "ئه‌مڕۆ وێنه‌كه‌ ته‌واو بوو، دوای ته‌واوبوونی راوێژكرن گه‌یشتینه‌ كۆتایی، تا حكومه‌تێكی جێگای ره‌زامه‌ندی بێته‌ ئاراوه‌. حكومه‌تێك نه‌ سوننی بێت نه‌ شیعی، نه‌ عه‌ره‌بی بێت نه‌ كوردی و نه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ و تائیفه‌گه‌ریش نه‌بێ، به‌ڵكو حكومه‌تیكی عێراقی ره‌سه‌ن و ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌یشی سیاسی ته‌ندرووست ده‌بێت".

سه‌در ده‌ڵێت: "مه‌رجه‌عییه‌ت و هۆزه‌كان و چین و توێژه‌ گه‌وره‌كانی گه‌ل له‌ ورده‌كارییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ زۆره‌كان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌و قسه‌ی ئه‌وانیش به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین. پاشان چاوه‌ڕوانی كوتله‌ پاكه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ خاوه‌نی بۆچوونی نیشتمانی به‌نرخن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی به‌ھێزی وه‌ك باوك بۆ مافه‌كانی گه‌لی پێكبهێنین".

هاوپه‌یمانی سائیروونی موقته‌دا سه‌در، له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ خاوه‌نی 54 كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. له‌پاش ده‌ركه‌وتنی ده‌ره‌نجامه‌ به‌رایی و فه‌رمییه‌كان، جمووجوڵێكی زۆر به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستیپێكردووه‌و زۆرینه‌ی لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان سه‌ردانی رێبه‌ره‌كه‌ی ره‌وتی سه‌دریان كردووه‌.





K24
Top