دادگای فیدڕالی ئەگەری دوورخستنەوەی سەدر دەخاتە بەرباس

 دادگای فیدڕالی ئەگەری دوورخستنەوەی سەدر دەخاتە بەرباس
دادگای فیدڕالی عێراقی ئەگەری دوورخستنەوەی هاوپەیمانیی سائیرون لە پێکهێنانی حکوومەت، دەختە بەرباس.



رۆژی چوارشەممە 23/5/2018، ئیاس سامۆک، گوتەبێژی دادگای فیدڕالی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دەستووری وڵات دیاری کردووە کام لایەن دەتوانێ حکوومەت پێک بهێنێت.



ئیاس سامۆک هەروەها رایگەیاندووە، کە بڕگەی یەکەمی ماددەی 76ـی دەستوور ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرۆک کۆمار لەماوەی 15 رۆژدا ”گەورەترین کوتلە“ی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رادەسپێرێت.



گوتەبێژی دادگای فیدڕالی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەپێی دەستوور، گەورەترین کوتلە مەرج نییە ئەو کوتلەیە بێ، کە زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردن بەدەست هێناوە، بەڵکو دەکرێ ئەو کوتلەیە بێت، کە دوای هەڵبژاردن و بە رێککەوتنی کوتلەکان، دروست دەکرێت.



بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی دادگای فیدڕالی، دوو هاوپەیمانی دەتوانن کوتلەیەکی پەرلەمانی دروست بکەن و هاوپەیمانیی سائیرون لە حکوومەت دوور بخەنەوە، کە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بە دەست هێناوە.



ھاوپەیمانیی سائیرون لە ژمارەیەک لایەنی وەک حزبی شیوعیی عێراق و رەوتی سەدر و ژمارەیەک ھێز و لایەنی دیکە پێک ھاتووە و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکات.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا سائیرون پلەی یەکەمی بە دەست هێنا.




باسنیوز
Top