باڵیۆزى ئێران: موقته‌دا سه‌در برا و خۆشه‌ویستى ئێمه‌یه‌

 باڵیۆزى ئێران: موقته‌دا سه‌در برا و خۆشه‌ویستى ئێمه‌یه‌
باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/ 5/ 2018 بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌دواى ده‌ركه‌وتنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق لێدوانى فه‌رمیی ده‌دات و له‌وباره‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در به‌ برایانه‌ و دۆستانه‌ وه‌سفكرد.


ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزى تاران له‌ به‌غدا، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕای گه‌یاند: "ئێران پێشوازیی له‌ خواسته‌كانى گه‌لى عێراق ده‌كات له‌ دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانیان بۆ په‌رله‌مانى عێراق، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌هه‌موو براوه‌كان ده‌كات".


جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵى له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كاندا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردندا براوه‌ بوون: "هه‌موو براوه‌كانیش براى ئێمه‌ن".


له‌باره‌ى ده‌نگۆى ناكۆكیی له‌ نێوان ئێران و موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در، كه‌ لیسته‌كه‌ى (سائیروون) براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، گوتی: "ئه‌وه‌ هیچ ڕاستییه‌كى تێدا نییه‌، سه‌در له‌ دۆست و برا خۆشه‌ویسته‌كانمانه‌ كه‌ كاریگه‌ریی و ڕۆڵی خۆى له‌عێراقدا هه‌یه‌".



باسنیوز
Top