چەندین ساڵە بەغدا خۆی لە جێبەجێكردنی دەستوور دەدزێتەوە
دوای 13 ساڵ لە پەسەندکردنی دەستوور، ھێشتا کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەھۆی پابەند نەبوونی ئەو دەستوورەی کە بەدەنگی زۆرینە سەپەندکراوە وەك خۆی ماوەتەوە، بۆیە بەشێك لە لایەنەکان داوای پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی نێوان لایەنە کوردییەکان دەکەن پێش چوونە بەغدا تا فشار دروست بکەن و بەغدا ناچار بکەن پابەندی دەستوور بێت.
لەوبارەوە ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "یەكەم بابەت كە پێویستە لەم خولەدا لایەنە كوردییەكان لە بەغدا كاری لەسەر بكەن، پێكھێنانی ھاوپەیمانیەتی فراكسیۆنە كوردستانییەكانە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەن، ھەروەھا دەبێ لایەنە كوردییەكان لە بەغدا دەبێ ئەجندای خۆیان لە چەند خاڵێك كۆبكەنەوە و لەسەری رێكبكەون و پەسندی بكەن ئینجا، بچنە ئەو دیو حەمرینەوە".
شەش لایەنە ناڕازییەکەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ھاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە براوەکان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، کورد ھەتا بەمشێوەیە پەرتەوازە بێت، بەغدا نایەتە ژێر باری جێبەجێکردنی دەستوور.
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ئێستا كێشەی دزینی تەزویركردن و ئیرادەی خەڵك ھەیە بە قازانجی دەسەڵات، ئێمەش دەزانین كە كورد بەو پەرتەوازەییە زەرەر دەكات، بەڵام بەرپرسی یەكەم لەو پەرتەوازەیە دەسەڵاتە كە زەمینەی یەك لیستی نەھێشتووەتەوە، ناكرێ لە كوردستان زوڵم لە ھێزێك بكەیت و چاوەڕێی یەكھەڵوێستی لێ بكەی لە بەغدا".
دەستووری عێراق لە 144 مادە پێکھاتووە کە 55 یان تایبەتکراون بە کوردستان، ھەردوو مادەی 140 و 132 ش گرنگترین مادەکانی تایبەت بەکورد، بەڵام دەستەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقی ھەموو ھەوڵێکیان لەکابینە یەك لەدوای یەکەکاندا خستبووەكار تا رێگریی بکەن لە جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکانی تایبەت بە کورد، ئەوەش ھەندێك لەلایەنە کوردییەکانی ناچارکردووە بیر لە بژاردەی دیکە بکەنەوە تا بە بەھێزی کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکەن.
K24