په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌كانی سه‌در و ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌بێت

په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌كانی سه‌در و ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌بێت
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌سوشییتد پرێس كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، پیته‌ر فیڤه‌ر كه‌ له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی ئیداره‌ی سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر عێراق له‌ ساڵانی 2005 تا 2007 هاوكاریكردووه‌ ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 2007 وه‌ واشنتن په‌یوه‌ندی نھێنی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در هه‌یه‌".

ئه‌سوشییتد پرێس له‌ زاری فیڤه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌مریكا له‌ مێژه‌ ده‌زانێت سه‌در خاوه‌ن بنكه‌یه‌كی سیاسی شه‌رعییه‌‌، جا یان ده‌بێته‌ باشترین یان خراپترینیان".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر سه‌در بۆیه‌كه‌ی سه‌ر رووخساری بگۆڕێت پێده‌چێت ئایینده‌ی سیاسی هه‌بێت، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2007 وه‌ تا ئێستا له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌در به‌رده‌وامه‌".

له‌ هه‌مان چوارچێوه‌یه‌دا ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری سه‌ڵاح عوبه‌یدی گوته‌بێژی ره‌وتی سه‌در ده‌ڵێت: "حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندیی سه‌ربازی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ واشنتن درووست كردووه و ئێمه‌ش له‌و رووه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌‌".

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا و پاش سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانێتی سائیروون چه‌ندین تۆمه‌ت له‌لایه‌ن رۆژئاوا و سیاسییه‌كان و میدیاكانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌در كراوه‌ و به‌گوێره‌ی هه‌ندێك راپۆرتی رۆژنامه‌وانی زۆر قورسه‌ بزانرێت كه‌سایه‌تی موقته‌دا سه‌در چۆنه‌ و ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 هاوپه‌یمانی سائیروون كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در پاڵپشتیی ده‌كرێت به‌ 54 كورسی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا و پێشبینی ده‌كرێت چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ش به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ست ببن.












K24





باسنیوز
Top