حەیدەر عەبادی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پاڵپشتیکاری عێراق بووە.
من بۆ خۆم لە تەواوی 18 پارێزگاکەی وڵات بانگەشەم کرد و هاوپەیمانێتییەکەمان لە 14 پارێزگا لەوان کورسی بردەوە، ئەمەش شتێکە کە هیچ لیستێکی دیکە نەیتوانی بەدەستی بهێنێت. هەرچەندە سەرپێچی هەن و دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چارەسەریان بکات، داواشم لە تەواوی لایەنەکان کردووە رێز لە ئەنجامی کۆتایی بگرن و لە رێگای پرۆسەی یاساییەوە سکاڵاکانیان پێشکەش بکەن.
حکومەتەکەی من تەواوی هەوڵدەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی پرۆسەی ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات بۆ حکومەتی داهاتوو بەشێوەیەکی سەقامگیر و شەفاف ئەنجامبدرێت و بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراسی و بەهێز بە پشتبەستن بە سەروەری یاسا دابیندەکات. من داوای دیالۆگم لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکانی دیکە کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە پشت بەم بنەمایانە ببەستێت: ئەجێندایەکی پشتبەستوو بە چاکسازی کە لەسەر سیاسەتە سەرکەوتووەکانی حکومەتی ئێستا دابمەزرێت، بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی ئابووری، هێشتنەوەی هەڵوێستی سیاسی بێلایەنبوونمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان، پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکانمان و دڵنیابوون لەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان ناگەڕێنەوە. هیچکات بیر لەوە ناکەمەوە کار لەگەڵ ئەوانە بکەم کە یان بە گەندەڵی پیسبوون یان بەوە ناسراون سیاسەتێکی تائیفی پەیڕەودەکەن. پێویستە وەزیرەکان تەکنۆکرات بن و حکومەتیش بۆ چینێکی تایبەت نەبێت و نوێنەرایەتی خەڵکی بکات، نەوەک ئەوەی لەلایەن لایەنێک یان گرووپێکەوە کۆنترۆڵ بکرێت.
سێ شتی سەرەکی لای عێراقییەکان گرنگن، ئیدی لە هەر شوێنێک بن، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەخساندنی دەرفەتی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان. ئەمانە هەمان ئەو شتانەن منیش پێیانەوە پابەندم. ئەم شتانە پێویستیان بە کەسێکی بەهێز، تێڕوانینێکی ورد و ئارامگرتن هەیە بۆئەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنیان بەردەوامبێت. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، سەرۆکایەتی حکومەتەکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە کردووە، ئەوە لەکاتێكدایە شانبەشانی ئەوانیش وڵاتەکەمان لە تیرۆریزم رزگارکردووە، یارمەتی خەڵکی ئاوارەمان داوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و بارودۆخی ئاسایشمان بۆ باشترین حاڵەت لە 2003ەوە زیادکردووە. ئێمە دەستمان بەم پابەندبوونانە کرد، ئەوە سەرەڕای دابەزینی زۆری نرخی نەوت کە وایکرد چەند رێکارێکی سکهەڵگوشین جێبەجێ بکەین، کە بۆ رزگاربوونمان لە قەیرانی ئابووری پێویست بوو. وەک وڵات، ئێستا ئێمە لە پێگەیەکی باشترداین. هێزە ئەمنییەکانمان ئەو دووژمنانەیان تێکشکاندن کە هەڕەشەیان لێدەکردین و ئێستاش ئامادەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بوژاندنەوەی ئابووریمان.
لە تشرینی یەکەمی رابردوودا گوتم وڵاتەکەمان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و بەو جۆرەشە. بەڵێنمدا کە هەڵبژاردن لە هەموو بەشێکی وڵات لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت و بەو جۆرەش بوو. بەڵێنم بە خەڵکەکەمان دا کە خاکەکەمان لە تیرۆر رزگاردەکەین و رزگاریشمان کرد. ئێستا بە خەڵکی خۆمان رادەگەیێنم کە چوار ساڵی داهاتوو عێراق گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەر حکومەتێکی شایستە لە دەسەڵاتدا بێت. تێڕوانینی من بریتییە لە چاکسازیکردن لە ئابووریدا و تێکشکاندنی گەندەڵی، رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ئەو ملیۆنەها خەڵکە گەنجەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی وڵاتەکەمان پێکدەهێنن.
تێڕوانینی من هەروەها بەردەوامیدانە بە باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دڵنیاییدانە بەوەی کە چالاکانە کار لە سەر مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی رۆڵی ژن دەکرێت و دادپەروەری بۆ هەموو لایەک جێبەجێدەکرێت. ئەگەر جارێکی دیکە وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێمەوە، ئەوا رۆژانە بۆ بەدەستهێنانی ئەم شتە گرنگانە شەڕ دەکەم.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پاڵپشتیکاری عێراق بووە. ئێستا ئێمە چاومان لەوەیە ئەم هاوبەشییە زیاتر بکەین بۆئەوەی بیکەینە رێککەوتننامەیەکی باشتر بۆ هەموومان، ئەوەش لەرێگای جەختکردنەوە لە پەیوەندیی ئابووری و پێشکەوتنی بەردەوام. ئابووری عێراق تینووی گەشەکردنە. کۆنفرانسی وەبەرهێنانی ئەم دواییەی کوەیت نیشانیدا کە دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بۆ کۆمپانیا گشتی و تایبەتییەکان ئامادەیە. عێراقێکی سەقامگیر و پێشکەوتوو بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشە و کاریگەری ئەرێنی ئابووریشی لە سەر وڵاتانی دیکە دەبێت، لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەش لە رێگای هێشتنەوەی سەقامگیری ناوچەیی، دروستکردنی دەرفەتی کار، بەرەوپێشبردنی پیشەسازی کارگەیی و زیاترکردنی بەرهەمی نێردراو. عێراق چیدیکە پێویستی بە یارمەتی نییە و ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاربکات بۆئەوەی ئەو کارکردنە سوودی بۆ ئابووری هەردوولامان هەبێت.
وەک سەرۆکوەزیران، پابەند دەبم بە پاراستنی عێراق لەسەر رێڕەوی ئێستای ئاساییبوونەوەی ژیان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر. بەڵێن دەدەم کاربکەم بۆ پاراستنی خەڵکی عێراق، ئەوەش لە رێگای دوورکەوتنەوە لە رکابەرایەتییە هەرێمایەتییەکان و رەتکردنەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییماندا و ئێمەش لە بەرامبەر ئەوەدا رێز لە سەروەری وڵاتانی دیکە دەگرین.
ئەمڕۆ عێراق ئازادە و خەڵکەکەیشی دەتوانن سەرکردەکانی خۆیان هەڵبژێرن و رەخنەیان لێ بگرن، بە بێ ئەوەی لە کاردانەوە بترسن. ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران بە کەسانی نوێ شوێنیان گیراوەتەوە و هاوپەیمانەکەشمان شانازی بەوەوە دەکات لە پێشەنگی ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییەدا بووە. ئێستا ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیکە کاربکەین کە متمانەی خەڵکیان پێدراوە بۆئەوەی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنین. عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لەوەی ناوچەکە و جیهانیش ببێتە شوێنێکی باشتر. دەبێت ئەم هەوڵە لەلایەن هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهانیش پاڵپشتی بکرێت و ئومێدەوارین ئەو هاوبەشانەمان پشتگیری لە ئەجێندای چاکسازییەکەمان بۆ عێراقێکی نوێ بکەن.
سەرچاوە: رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی
نووسینی: حەیدەر عەبادی