ماڵه‌كه‌ی سه‌در ده‌بێته‌ رووگه‌ی باڵیۆزی وڵاتانی ناوچه‌كه‌

ماڵه‌كه‌ی سه‌در ده‌بێته‌ رووگه‌ی باڵیۆزی وڵاتانی ناوچه‌كه‌
له‌وه‌ته‌ی ده‌ركه‌وتووه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی سه‌در" سائیروون" زۆرترین كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی به‌ده‌ستهێناوه‌، كورسییه‌كانی دیوه‌خانه‌كه‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دریش پڕ بووه‌ له‌ میوان و باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌.

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ ئۆفیسی تایبه‌تی خۆی له‌ شاری نه‌جه‌ف، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا پێشوازی له‌ زۆر باڵیۆز و "نێرده‌ی دیپلۆماسی كردووه‌، به‌ڵام باڵیۆز یان نوینه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ناو میوانه‌كانی پیاوه‌ ئاینییه‌ گه‌نجه‌كه‌ی شیعه‌دا نه‌بوون.

سه‌در باڵیۆزی وڵاتانی سعوودییه‌ و ئوردن و كوه‌یت و توركیا و سووریای پێكه‌وه‌ بینیووه‌، به‌ڵام هیچ هه‌واڵێك نییه‌ كه‌ به‌ ته‌نهاش پێشوازی له‌ نوێنه‌ر یان باڵیۆزی ئێران كردبێت. له‌ كاتێكدا ئه‌وكاته‌ی ئه‌و دیداره‌ ئه‌نجامدراوه‌، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مأڵی شیعه‌ یان كاراكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی پێشوو و پێكهێنانی كوتله‌ی زۆرینه‌ له‌ عێراق بووه‌و زۆر له‌ ماڵه‌كه‌ی سه‌در دوور نه‌بووه‌.

به‌گوێه‌ری به‌یاننامه‌یه‌كی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی سه‌در، له‌ دیداره‌كانی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ باڵیۆزه‌دا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ كراوه‌و به‌پێویست زانراوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی و هاوڕێیه‌تی بێت نه‌ك دوژمنایه‌تی".

سه‌در بووه‌ته‌ خاوه‌نی 54 كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 هاوپه‌یمانێتی سائیروون پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌و واقیعه‌ تازه‌یه‌ی ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بێت، پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو یان له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی سه‌در ده‌بێت، یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ بێت به‌ مه‌رجه‌كانی سه‌در پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێت و له‌ ئێستاوه‌ وڵاتان هه‌وڵی خۆ نزیككردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن.





K24 -
Top