سه‌در و عه‌بادی له‌یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه‌

سه‌در و عه‌بادی له‌یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه‌
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار هه‌ر دوو لایان له‌یه‌كتری نزیك بوونه‌ته‌وه‌ تا به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ هه‌نگاو بنێن.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م دیداری سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌م و سێیه‌م لیستی سه‌ركه‌وتووی ههه‌ڵبژاردن بووه‌ پاش ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 راگه‌یاند.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌كه‌كه‌ی، عه‌بادی داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قه‌بووڵ بكه‌ن و بۆ خستنه‌ڕووی سكاڵاكانیان رێگای یاسایی بگرنه‌به‌ر. داوایشی له‌ كۆمیسیۆن كردووه‌ چاو به‌ سكاڵاكاندا بخشێنێته‌وه".

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادیدا به‌پێویست زانراوه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ خێرایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ست به‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ دیداره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ تا پێكه‌وه‌ كار بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بكه‌ن و له‌ رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ خزمه‌تگوزاری و ده‌رفه‌تی كار بڕه‌خسێنرێت و ئاستی گوزه‌ران به‌رزبكرێته‌وه‌و به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵێش ببنه‌وه‌".

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و پاڵپشتیكاری هاوپه‌یمانی سائیروونیش گوتوویه‌تی: "ده‌ستمان بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژ ده‌كه‌ین به‌تایبه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانمان عێراقییانه‌ بێت و پێویستیشه‌ به‌خێرایی كار بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بكرێت و ره‌چاوی خواسته‌كانی گه‌لانی عێراق بكرێت.




K24 -
Top