سێ کردەی تیرۆریستیی لە چەند ناوچەیەکی بەغدا روویان دا

 سێ کردەی تیرۆریستیی لە چەند ناوچەیەکی بەغدا روویان دا
سەربازگەیەکی سوپای عێراق لە رۆژئاوای بەغدای پایتەخت هاوەنباران کرا و ژمارەیەک کردەی دیکەی تیرۆریستی لەو شارە روویان دا.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئێوارەی رۆژی شەممە 19/5/2018، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو سێ گوللە هاوەنیان ئاراستەی سەربازگەی سوپای عێراق لە نزیک تەل رەزوانییە لە رۆژئاوای بەغدا کردووە.



لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییە عێراقییەکان بەبێ ئاماژەکردن بە بوونی کوژراو و بریندار، باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی هەمان رۆژدا، زنجیرەکە تەقینەوە لە رۆژئاوای بەغدا روویان داوە.



هەروەک لە گەڕەکی بەساتین لە ناوچەی شەعب لە باکووری بەغدا تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە ئاسەواری گوللەی بەسەرەوەیە.



بەهۆی ناکارایی هێزە عێراقییەکان، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی توندڕەو و تیرۆریستی لە شەقام و شارەکانی عێراق بەتایبەت لە بەغدای پایتەختی، بڵاو بوونەتەوە و رۆژانە کردەی تیرۆریستی، کوشتن، رفاندن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن.



بۆ پاراستنی خۆیان، زۆرینەی بارەگا سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراق و سێ سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێگیر بوون، کە هێزێکی گەورەی عێراقی و ئەمریکی دەورەدراوە.




باسنیوز
Top