ئیئتیلافه‌كه‌ى مالیكی داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌كات

 ئیئتیلافه‌كه‌ى مالیكی داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌كات
ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكی، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ناكرێت حكوومه‌تى نوێ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێكبهێنرێت كه‌ ده‌یان كێشه‌ و پێشێلكاریی و سكاڵا و گومانى له‌سه‌ره‌.

عه‌باس مووسه‌وى، گوته‌بێژى فه‌رمى ئیئتیلافه‌كه‌، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا، ڕای گه‌یاند: "پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنێك ده‌یان تانه‌ و گومانى له‌سه‌ره‌، ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ له‌پێناو ڕاستكردنه‌وه‌ى دۆخى عێراق پێش ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆن، یه‌كێك له‌م سێ بژارانه‌ جێبه‌جێ بكات.

گوته‌بێژه‌كه‌، گوتى: "یه‌كێك له‌ بژاره‌كان، دووباره‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنى 5%ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، یان جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى هه‌موو سندووقه‌كان، یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و دووباره‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى نوێ".

داواشى له‌ كۆمسیۆن كرد، وردبینی ته‌واو له‌ ده‌نگدانى ده‌ره‌وه‌ بكات، چونكه‌ سكاڵایه‌كی زۆر تۆمار كراوه‌، داواشى له‌ ئه‌ندامانى خولى ماوه‌ ته‌واوبووى په‌رله‌مان كرد، چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن تواناى چاره‌سه‌ركردنیانى نییه‌.

ڕۆژى 12/ 5/ 2018 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌ چوو، له‌ ئه‌نجامدا و به‌پێی ئه‌نجامه‌ ڕاگه‌یاندراوه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌كان، لیستى سائیروون به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، براوه‌ى یه‌كه‌مه‌ و لیسته‌كه‌ى مالیكی، به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌نگه‌كانى كه‌مى كردووه‌.









باسنيوز
Top