هه‌ڵبژاردن عێراق ده‌كاته‌ مه‌یدانی ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران

هه‌ڵبژاردن عێراق ده‌كاته‌ مه‌یدانی ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران
رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراق و ده‌ركه‌وتنی قه‌باره‌ی لایه‌نه‌كان كه‌ هه‌ندێكیان واشنتن و هه‌ندێكیشیان تاران پاڵپشتییان ده‌كات، ره‌نگه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌یه‌كدا بدات و عێراق ببێته‌ مه‌یدانی ململانێیه‌كی نوێ.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عێراق، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران پشتیوانی لایه‌نی جیاواز ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بتوانن حكوومه‌تی داهاتووی عێراق به‌لای خۆیاندا كێش بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌، عێراقییه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ وڵاته‌كه‌یان ببێته‌ مه‌یدانی ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، پێده‌چێت به‌لای كه‌مه‌وه‌ ململانێكانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاران ته‌واو بێت، به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتووانی عێراق شیعه‌ ئایینزان.

له‌ به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: "پرۆسه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن پرسیاری سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌كو: داهاتووی 10 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و به‌ڵێنده‌رایه‌تی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق چی ده‌بێت، كه‌ بوونییان بووه‌ته‌ پێویستی، هاوشێوه‌ی سه‌روبه‌ندی به‌ر له‌ تێكشكاندنی داعش؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واشنتن سزای توندی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندووه‌، ئایا ئه‌و كه‌سایه‌تی و بانك و كۆمپانیا عێراقییانه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن سزا ده‌درێن؟ ئێستا ئێران چه‌ند بازرگانییه‌ك له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌ هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌گه‌رنا هاوپه‌یمانه‌ لۆكاڵییه‌كانی له‌ به‌غدا له‌ده‌ستده‌دات".

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، واده‌زانێت ده‌توانێت له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ عێراق له‌ ئێران داببڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌رگیز روونادات، وه‌ك پێده‌چێت واده‌زانێت توانای گۆڕینی رژێمی ئێرانی هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی سه‌پاندنی سزاوه‌، به‌ڵام هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا بكرێت ئه‌وه‌ رووده‌دات، چونكه‌ تره‌مپ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شه‌ڕ ناخوازێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانێت به‌بێ شه‌ڕ بتوانێت ئه‌و شته‌ی ده‌یه‌وێت، به‌ده‌ستیبهێنێت.






K24
Top