مالیکی سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمار دەکات
رۆژی دووشەممە 14/5/2018، هیشام روکابی، گوتەبێژی نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە سکاڵانامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێی پێشبینییەکانی نەبووە.
هیشام روکابی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئاستی جەماوەریی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا گەورەترە لەو دەرەنجامانەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردووەتەوە.
گوتەبێژی نووسینگەی نوری مالیکی هەروەها رایگەیاندووە، کە سکاڵایان پێشکەشی کۆمسیۆن و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و تێیدا ئەو پێشێلکارییانەیان خستووەتە روو، کە لە هەڵبژاردنەدا کراون.
وەک لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەردەکەوێ، دەوڵەتی یاسا لە زۆرینەی شارەکانی باشووری عێراق لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی لیستە سەرکەوتووەکان دایە و لە شاری بەغداش بە جیاوازییەکی زۆر کەوتووەتە دوای هەردوو هاوپەیمانیی سائیرون و فەتح.
ھاوپەیمانیی سائیرون لە ژمارەیەک لایەنی وەک حزبی شیوعیی عێراق و رەوتی سەدر و ژمارەیەک ھێز و لایەنی دیکە پێک ھاتووە و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکات.
پێشتریش نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابوو و رایگەیاندبوو، کە دوای هەڵبژاردن، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 13/5/2018، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی لە 10 پارێزگای عێراق راگەیاند.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
باسنيوز