لیستی كه‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، له‌ به‌غدا و به‌شێكی زۆری پارێزگاكان یه‌كه‌مه‌

لیستی  كه‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، له‌ به‌غدا و به‌شێكی زۆری پارێزگاكان یه‌كه‌مه‌
به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامی به‌رایی كۆمیسیۆنی باڵا، كه‌ بۆ 10 پارێزگای عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لیستی هاوپه‌یمانی سائیرون، كه‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، له‌ به‌غدا و به‌شێكی زۆری پارێزگاكان یه‌كه‌مه‌.

رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط" له‌ زاری قه‌حتان جبووری، گوته‌بێژی لیسته‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به‌تاك و ته‌نیا دژایه‌تی گه‌نده‌ڵیان كردووه‌ له‌ وڵات و به‌رده‌وام هه‌وڵیان بۆ چاكسازیداوه‌، بۆیه‌ یه‌كه‌م بوونیان له‌ پێشبینی خۆیاندا بووه‌.

جبووری هۆكارێكی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئه‌نجامه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌سانی نوێیان هێناوه‌ته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌ و ده‌موچاوه‌كانی پێشوویان گۆڕیوه‌ و دووپاتیشی كرده‌وه‌، لیسته‌كه‌یان ته‌واوی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی له‌ خۆگرتووه‌.

كۆمیسیۆن ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی 10 پارێزگای عێراقی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌غدا، ئه‌نبار، واسیت، بابل، موسه‌نا، دیاله‌، كه‌ربه‌لا، زیقار، به‌سرا و قادسیه‌ن.

به‌ گوێره‌ كۆمیسیۆنی باڵاش، تا ئێستا ئه‌نجامی 8 پارێزگا وردبینی نه‌كراوه‌، ته‌نها ئه‌نجامی به‌راییان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش، هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی، كه‌ركووك، نه‌جه‌ف، سه‌ڵاحه‌ددین، میسان و نه‌ینه‌وان.

كۆمیسیۆنی باڵا دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و رێژه‌ و داتاو ژمارانی خراونه‌ته‌ڕوو، به‌رایی و سه‌ره‌تایی و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، به‌ تایبه‌تیش به‌ ئه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ده‌نگدانی تایبه‌ت.






K24
Top