ھێزەكانی عێراق كارمەندانی كۆمسیۆن لە پردێ گەمارۆ دەدەن
سەرچاوەکە گوتیشی: "گەمارۆدانەکە دوای ئەوەهاتووە، کە حەشدی شەعبی لە ئەنجامی دەنگەکانی لە پردێ ناڕازییە. لە شارۆچکەی پردێ شەش بنکەی دەنگدان هەن و حەشدی شەعبیش تەواوی بنکەکانی گەمارۆداوە".
یەكێك لە بەرپرسی بنكەكانی دەنگدان لە پردێ بە كوردستان24 راگەیاند: "لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگەكان كە زۆرینەی دەنگەكان ھی كوردبوون، ھێزە توركمان و عەرەبەكان، ھەڕەشەیان لێكردین و دواتر دەست بەسەریان كردین، پێمان دەڵێن لە بەغدا فەرمانمان پێكراوە، بەوھۆیەوە تائێستا ئێمە گەمارۆدراوین و رێگە نادەن لە بنكەكانی دەنگدان بێینە دەرەوە".
گوتیشی: "ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانمان ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام تائێستا كەسمان بە ھانەوە نەھاتووە، تەنانەت نانیشیان بۆ نەھێناوین".
روونیكردەوە: "لایەنە عەرەب وتوركمانەكان دەڵێن، دەبێ سەرجەم دەنگەكان بە دەست ھەژماربكرێنەوە، چونكە زۆرینەی دەنگەكان ھی كوردە و بە دەڵی ئەوان نییە".
ئەوەشی خستەڕوو: "داوا دەكەین كە ئێمە رزگار بكرێین، چونكە لە دوێنێوە كاری ئێمە تەواوبووە و نەمانتوانیووە پشوو بدە و بگەڕێینەوە ماڵەكانمان".
دوێنێ شەممە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش، لە کۆی 24 ملیۆن دەنگدەر تەنیا 10 ملیۆن دەنگدەر عێراقی دەنگیداوە.
K24