عه‌بادى: به‌شدارى حكوومه‌تى داهاتوو ناكه‌م و ناچار كرام لیست دروست بكه‌م

 عه‌بادى: به‌شدارى حكوومه‌تى داهاتوو ناكه‌م و ناچار كرام لیست دروست بكه‌م
سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق، ڕۆژێك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكراى ده‌كات، كه‌ ناچاریان كردووه‌ خۆى كاندید بكاته‌وه‌ و نایه‌وێت جارێكى تر به‌شدارى له‌ حكوومه‌تدا، بكاته‌وه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقی فیدڕاڵ، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیستێكى هه‌ڵبژاردن ده‌كات، له‌ دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا، ڕای گه‌یاند: "ناچار كرام به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان بكه‌م، من وه‌ك خۆم نامه‌وێت جارێكى تر بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران كاندید بكرێم، چونكه‌ ده‌مه‌وێت له‌ حكوومه‌ت بچمه‌ ده‌ره‌وه‌".

باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ تا دواهه‌مین ڕۆژ له‌ تۆماركردنى ناوى لیسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن ماوه‌ته‌وه‌ و خۆى دواخستووه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێكهێنانى تیمى ڕاگه‌یاندنى بانگه‌شه‌ش دوا كه‌وتووه‌، گوتیشی: "كه‌سه‌ نزیكه‌كانم پێیانگوتم تۆ ده‌ته‌وێت شه‌رمه‌زارمان بكه‌یت، ده‌بێت به‌رده‌وام بیت".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كه‌سایه‌تی خۆى، خۆشحاڵ ده‌بێت له‌ حكوومه‌تى داهاتوودا به‌شدار نه‌بێت، گوتیشی: "گه‌ر لایه‌نه‌كانى تر ده‌یانه‌وێت كابینه‌ى داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌ماى پشك پشكێنه‌ پێكبهێنن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شدارى تێدا ناكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ى یه‌كه‌م و ئه‌وه‌ش خه‌ڵه‌تاندنی هاووڵاتییانه‌، بۆیه‌ جارێكى تر به‌شدارى له‌و شێوازه‌ حكوومه‌ته‌ ناكه‌م".

هه‌رچه‌نده‌ له‌دیداره‌كه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ پاره‌ى حكوومه‌تى بۆ بانگه‌شه‌ به‌كار نه‌هێناوه‌، به‌ڵام دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 10/ 5/ 2018 (جه‌مال كه‌ربوولى)، سه‌رۆكى حزبى حل، داواى كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بكرێت، كه‌ به‌ئۆتۆمبێل و فڕۆكه‌ى حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ بانگه‌شه‌كردنى لیسته‌كه‌ى، سه‌ردانى شار و شارۆچكه‌كانى عێراق ده‌كات.

سه‌رۆكى حزبى حل، ڕوونی كرده‌وه‌، هه‌ر ده‌رچوونێكى عه‌بادی به‌ فڕۆكه‌، 200 هه‌زار دۆلار خه‌رجی تێده‌چێت: "له‌ماوه‌ى ڕابردوودا عه‌بادى به‌ فڕۆكه‌ى سه‌ربازیی سه‌ردانى، هه‌ریه‌ك له‌: مووسڵ، نه‌جه‌ف، به‌سڕه‌، هه‌ولێر، سلێمانى و چه‌ند شارێكى ترى كردووه‌.








باسنيوز
Top