نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ تۆقاندنی ده‌نگده‌ری عێراقی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ نیگه‌رانه‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ تۆقاندنی ده‌نگده‌ری عێراقی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ نیگه‌رانه‌
نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لەبارەی حاڵەتەکانی تۆقاندنی دەنگدەران لەلایەن چەند گروپێکی سەر بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەردەبڕێت.

یان کوبیچ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سەڵاحەدین کۆبووەتەوە و، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی پێش ھەڵبژاردن و ئامادەسازی بۆ پرۆسەکە و ھەروەھا کارە لە پێشینەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ بۆ چۆنیەتی ھاوکاریکردن لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن کراوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یان کوبیچ، ڕێگەچارەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان، ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگەکان و ھۆزەکان لە خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای سەڵاحەددین تاوتوێ کردووە. هه‌روه‌ها كۆبیچ نیگەرانی خۆی لەبارەی حاڵەتەکانی تۆقاندنی دەنگدەران لەلایەن چەند گروپێکی سەر بە ھێزەکانی حەشدی شەعبیه‌وه‌ دەربڕی.

له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، چه‌ند حاڵه‌تێكی هه‌ره‌شه‌ و تۆقاندنی ده‌نگده‌ری عێراقی له‌لایه‌ن گروپه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ تۆماركراون، كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانی كورد و سوننه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، كه‌ له‌ رووداوه‌كانی 16 ئوكتۆبه‌ردا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ داگیركران.
k24 -
Top