رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق راگه‌یه‌ندرا

رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق راگه‌یه‌ندرا
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 78% و، له‌مه‌باره‌یه‌وه‌ ریاز به‌دران، سه‌رۆكی كارگێڕی هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "703 هه‌زار و 264 كه‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق به‌ڕێژه‌ی 78.74% به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كردووه‌".

به‌دران گوتیشی: "2 هه‌زار و 168 چاودێری رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، له‌كاتێكدا نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ چاودێری ده‌نگدانیان كردووه‌، ژماره‌یان 5523 چاودێر بووه‌"، هه‌وره‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 22 ملۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق هه‌یه‌".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌دوا زانیاری له‌باره‌ی رێژه‌ و ژماره‌ی به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ران له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكردۆته‌وه‌ و په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، رێژه‌ی به‌شداریكردنی تایبه‌ت له‌ پارێزگای هه‌ولێر، به‌ 84% بووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری كۆمیسیۆنیش رایگه‌یاند، پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی هات.

له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ كۆی 93 هه‌زار و 571 دەنگدەر، 78 هه‌زار 186 ده‌نگده‌ر، به‌شداری پرۆسه‌كه‌ی كردووه‌.

له‌ شاری سلێمانیش هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، رێژه‌ی به‌شداریكردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌و شاره‌ 67% بووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش كاتژمێر 6ی ئێواره‌ كۆتایی هاتووه‌.

له‌ پارێزگای دهۆكیش، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت، گه‌یشته‌ 83%.

پارێزگای كه‌ركووك، كه‌ ئێستا له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌ عێراقییه‌كان و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌، رێژه‌ی ده‌نگدان 66% بووه‌، له‌ كۆی 36 هه‌زار و 544 كه‌س كه‌ مافی ده‌نگدانی هه‌بووه‌، 22 هه‌زار و 548 ده‌نگده‌ر به‌شداری كردووه‌.


k24 -
Top