قوتابییه‌كانى عێراق له‌سه‌ر زه‌وى تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن

قوتابییه‌كانى عێراق له‌سه‌ر زه‌وى تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن
له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چه‌ندین وێنه‌ى قوتابیانی قوتابخانه‌كانى عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌به‌هۆى ئه‌وه‌ى قوتابخانه‌كانیان كراون به‌ ناوه‌ندی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، ناچار له‌ گۆڕه‌پانى قوتابخانه‌كانیان له‌سه‌ر زه‌وى به‌بێ هیچ كورسى و ڕاخه‌رێك دابنیشن و تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام بده‌ن.

وێنه‌كان نیگه‌رانییه‌كى زۆر له‌نێو چالاكوانانى تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان دروست ده‌كات، به‌تایبه‌تى كه‌ عێراق له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلارى ئه‌مریكی بودجه‌ى بووه‌ و تائێستا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست قوتابخانه‌ دروست بكات.

هاوكات ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌ش له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌گرن، كه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵ له‌گه‌ڵ ڕۆژی ده‌نگدان كه‌ 12/ 5/ 2018ى بۆ دیاری كراوه‌، به‌ریه‌ك نه‌كه‌ون.

یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌كان نووسیویه‌تى: "وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌یتوانى واده‌ى تاقیكردنه‌وه‌كان پێش و پاش بخات، به‌تایبه‌ت كه‌ پێش ماوه‌یه‌كی زۆر شوێنى بنكه‌كان و واده‌ى هه‌ڵبژاردنیش دیاری كراوه‌".










باسنیوز
Top