كاندیدێك به‌ چه‌قۆ له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا كوژرا

 كاندیدێك به‌ چه‌قۆ له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا كوژرا
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7/ 5/ 2018 ڕای گه‌یاند، كاندیدێكى لیستى نیشتمانیی له‌ناو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌ مووسڵ، كوژرا.



سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ڕای گه‌یاندووه‌: "چه‌كدارانى نه‌ناسراو له‌دره‌نگانێكى شه‌وى ڕابردوودا، چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵى فارووق محه‌مه‌د زه‌رزوور، كاندیدى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر لیستى نیشتمانى".



ڕووداوه‌كه‌ له‌ گوندی له‌زاگه‌ سه‌ر به‌ شاره‌دێی گه‌یارى مووسڵ، ڕووی داوه‌ و به‌ چه‌قۆ كاندیده‌كه‌ كوژراوه‌.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ هێزێكى ئه‌منی دواتر گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هێرشبه‌ره‌كان هه‌ڵاتوون و ته‌رمه‌كه‌ش ڕه‌وانه‌ى پزیشكى دادوه‌ریی كراوه‌.



پێشتریش چه‌ند كاندیدێكی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12/ 5/ 2018 ئه‌نجام بدرێت، هه‌وڵى كوشتنیان درا.
Top