كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ: كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا زۆرترین پێشێلكارییان تێدا تۆمار كراوه‌

 كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ: كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا زۆرترین پێشێلكارییان تێدا تۆمار كراوه‌
كۆمسیۆنى باڵاى مافه‌كانى مرۆڤ، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5/ 5/ 2018 ڕای گه‌یاند، له‌ماوه‌ى چوار مانگى ڕابردوودا 1114 پێشێلكاریی مافه‌كانى مرۆڤ له‌ پارێزگاكانى عێراق جگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجام دراون.



عه‌لى به‌یاتى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ڕای گه‌یاند: "له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا كۆتایی مانگى نیسانى 2018 له‌ته‌واوى پارێزگاكانى عێراق جگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان، 1114 پێشێلكاریی مافه‌كانى مرۆڤ تۆمار كراون".



ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا به‌ 451 حاڵه‌ت، زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆمار كراوه‌، به‌دواى ئه‌ویشدا پارێزگاى كه‌ركووك به‌ 449 پێشێلكاریی، كه‌مترینیش له‌ سه‌ماوه‌ و زیقار و واست تۆمار كراون: "پارێزگاى به‌غدا 138 پێشێلكاریی، سه‌ڵاحه‌دین 19، دیاله‌ 15، به‌سڕه‌ 11، بابل 9، كه‌ربه‌لا 5، ئه‌نبار 4، موسه‌نا 1، زیقار 1 و واست یه‌ك پێشێكاریی تێدا تۆمار كراوه‌".



ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ داواكان و سكاڵاكان به‌پێی دۆسییه‌كان و مافه‌ تایبه‌ته‌كان جیاكراونه‌ته‌وه‌ و دابه‌شكراون به‌سه‌ر مافى سیاسی، مه‌ده‌نی، ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری، زۆرێك له‌و سكاڵا و داوایانه‌ ڕه‌وانه‌ى وه‌زاره‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كراون، وه‌ك وه‌زاره‌تى به‌رگرى، ناوخۆ و كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و داد و ته‌ندروستی و ژینگه‌ و ده‌ره‌وه‌.




باسنيوز
Top