سه‌رۆكى حزبێك: ئەگەر هه‌ڵبژاردن دوانه‌خرێ ئێران ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرێ

 سه‌رۆكى حزبێك: ئەگەر هه‌ڵبژاردن دوانه‌خرێ ئێران ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرێ
سه‌رۆكى یه‌كێك له‌ حزبه‌كانى عێراق، كه‌هاوكات سه‌رۆكى لیستى مه‌ده‌نییه‌ته‌ له‌ په‌رله‌مان، داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و كارى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆى میلیشیا ئێرانییه‌كان و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ مه‌ترسى داڕمانى ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو دام ده‌زگاكانییه‌وه‌ هه‌یه‌.


میسال ئالووسى، ئه‌میندارى حزبى نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌وێنه‌یه‌كی بۆ (باسنیوز) ناردووه‌، مه‌ترسی خۆى له‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12/ 5/ 2018 به‌ڕێوه‌ بچێت.


سه‌رۆكى لیستى مه‌ده‌نییه‌ت له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ڕای گه‌یاندووه‌: "حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كان، كه‌ له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادی عێراقه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتی عێراقییان تووشى ئه‌نجامى ترسناك و خوێناویی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى هه‌ژموونى ئێران به‌سه‌ر به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ڕێگه‌ى تۆقاندن و دامه‌زراندنى میلیشیاى چه‌كداریی كه‌ له‌ژێر فه‌رمانى سوپاى پاسدارانى ئێرانن، بڕیارى سیاسیی په‌كی كه‌وتووه‌ و عێراق بووه‌ به‌ئامرازێكى مه‌ترسیدار، بۆیه‌ هه‌زاران گه‌نج و ڕۆڵه‌ى به‌توانامان له‌ده‌ست دا".


ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ پێشتر حكوومه‌تى عێراق له‌ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سكاڵاى له‌ ڕژێمى سووریا ده‌كرد به‌وه‌ى تیرۆریست بۆ عێراق ده‌نێرێت، كه‌ چى ئێستا به‌غدا به‌هه‌موو توانا ئابووریی و دارایی و دیپلۆماسى و سه‌ربازییه‌كانییه‌وه‌ به‌رگریی له‌و ڕژێمه‌ خوێناوییه‌ ده‌كات.



ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌هه‌مووان ده‌زانن، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ ئه‌ندامه‌كانى هه‌ڵبژێردراون، ئه‌زموونیان نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌ بالاده‌سته‌كان دابه‌شكراون.



جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، میكانیزمى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو "بێگه‌رد" نییه‌ و گره‌نتى ئه‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ ئه‌نجامى مه‌ترسیدارى لێبكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا له‌ كورد و توركمان و ڕه‌وتى مه‌ده‌نیی و كه‌مایه‌تییه‌كان ده‌كات، له‌ پرۆسه‌كه‌ بكشێنه‌وه‌: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ له‌ده‌ستدانى سه‌ره‌وه‌ریی و ده‌ستپێكى داڕمانی ده‌وڵه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى مه‌ترسی تیرۆر و مافیا و میلیشیاى زیاتر، بۆیه‌ ده‌بێت شكست به‌و پلانه‌ بهێنن".



له‌وباره‌شه‌وه‌، داواى كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق ده‌كات، له‌گه‌ڵ دانیشتنێكى به‌په‌له‌ى په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: "داوا ده‌كه‌ین كارى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ به‌بێ خه‌رجكردنى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ درێژ بكرێته‌وه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران ڕابسپێرێت بارى نائاسایی له‌وڵات ڕابگه‌یه‌نێت، دواى داماڵینی چه‌كیش له‌میلیشیاكان، كار بۆ هه‌ڵبژاردنێكى پاك و دادپه‌روه‌رانه‌ بكرێت".





باسنیوز
Top