“جه‌نگى سارد”ى نێوان سیستانى و خامه‌نه‌يى ئاشكرا ده‌بێت

 “جه‌نگى سارد”ى نێوان سیستانى و خامه‌نه‌يى ئاشكرا ده‌بێت
هه‌ردوو مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان له‌ عێراق و ئێران، “جه‌نگێكی سارد”ى ڕانه‌گه‌یاندراو ده‌كه‌ن، كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایاری ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.



زۆرێك له‌ شیعه‌كانى عێراق، شوێنكه‌وته‌ى "عه‌لى سیستانى" مه‌رجه‌عى باڵان له‌ نه‌جه‌ف، به‌شێكیش، كه‌ زیاتر له‌ گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، شوێنكه‌وته‌ى عه‌لى خامه‌نه‌يى، ڕابه‌ڕێ باڵاى كۆمارى ئیسلامی ئێرانن.



سیاسته‌وانه‌ عێراقییه‌ ئاگاداره‌كان له‌ ورده‌كاریی ئه‌و جه‌نگه‌، به‌ڕۆژنامه‌ى (عه‌ره‌ب)ی له‌نده‌نییان ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ بۆ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 12ى ئایار، مه‌رجه‌عه‌كه‌ى شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف، به‌گژ هه‌وڵ و خواسته‌كانى خامه‌نه‌يى چووه‌ته‌وه‌". ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ڕێگه‌ى بریكاره‌كانیانه‌وه‌ به‌ هاووڵاتییان و ده‌نگده‌ر ده‌گه‌یه‌نن، نه‌ك به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ.



سیاسته‌وانێكى شیعه‌ى ئاگادار له‌ ورده‌كاریی ئه‌و دۆسییه‌یه‌، گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو مه‌رجه‌عه‌كه‌ له‌خراپترین دۆخیدایه‌، له‌و كاتانه‌ ده‌چێت، كه‌ سیستانی له‌ ساڵى 2014 پشتیوانى گۆڕینی نوورى مالیكی، له‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران كرد و حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ شوێنى دانا".



ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناكۆكیی نێوان هه‌ردوو مه‌رجه‌عه‌كه‌ كۆنه‌، به‌ڵام ئێستا "به‌رگێكى سیاسی"ی پۆشیوه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی به‌ فیقهى ئیسلامیی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ڕوون بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئێران هه‌وڵده‌دات، دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستى به‌سه‌ر بڕیارى سیاسیی له‌عێراقدا گرت، ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕیاره‌كانى مه‌رجه‌عى شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف بگرێت.



هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئێران ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی سیستانی ده‌چنێته‌وه‌ كه‌ فه‌تواى جیهادكردنى دژ به‌ داعش دا، ئه‌وه‌ش واى كرد میلیشیاكانى سه‌ر به‌ ئێران ده‌ست به‌سه‌ر پێگه‌ گرنگه‌كانى ده‌وڵتدا بگرن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕاكێشانى سۆزى شیعه‌كان به‌وه‌ى كه‌ ئێران عێراقی له‌ داعش ڕزگار كرد".



باسى له‌وه‌ش كرد، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ كاریگه‌رى خستنه‌ سه‌ر ده‌نگده‌ر به‌كار ده‌هێنێت و سه‌ركرده‌ى گرووپ و میلیشیاكانى نزیك له‌ خۆى ، به‌شێوه‌ى پاڵه‌وانى عێراق و مه‌زهه‌بى شیعه‌ وێنا ده‌كات، بۆیه‌ ده‌ڵێت: "مافى خۆیانه‌ قۆناغى داهاتووى عێراق، ئه‌وان به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وت، سیستانی پشتیوانیی له‌ ڕیزی یه‌كه‌مى سیاسییه‌كانى عێراق ناكات و به‌گوته‌ى (تاقیكراوه‌، تاقی ناكرێته‌وه‌) ئه‌وه‌ى یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌".





سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ڵمه‌تێكى ئێرانى فراوان له‌ بۆنه‌ مه‌زهبییه‌كانى شیعه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقدا هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن بریكاره‌ عێراقییه‌كانى شوێنكه‌وته‌ى خامه‌نه‌ییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.



له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ زیاتر هه‌وڵده‌درێت، ده‌نگده‌ر ڕازی بكه‌ن ده‌نگ به‌دوو لیست بدرێت، ئه‌وانیش لیسته‌كه‌ى نوورى مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو و لیسته‌كه‌ى هادی عامرى، ئه‌مینداری گشتیی ڕێكخراوى به‌در و نزیك له‌ ئێرانه‌.



به‌پێی ڕۆژنامه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌، خامه‌نه‌يى ده‌یه‌وێت زۆرینه‌ی په‌رله‌مانى به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى عێراقی نزیك له‌ ئێران بكرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو، له‌ئه‌گه‌رێكدا لیسته‌كه‌ى عامرى و لیسته‌كه‌ى مالیكی توانییان زۆرینه‌ به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وكات ئێران ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كات به‌سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ سه‌ر به‌خۆیه‌تى.



كه‌سایه‌تییه‌ نزیكه‌كان له‌ مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان له‌ نه‌جه‌ف، گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ى (سیستانی) به‌رده‌وام بێت له‌پشتیوانیكردنى حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ ئه‌وه‌ى ویلایه‌تی دووه‌م وه‌ربگرێته‌وه‌ و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ لاریی نییه‌ له‌ گۆڕینی عه‌بادی، به‌مه‌رجێك كه‌سایه‌تییك پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت، سه‌ر به‌ ئێران نه‌بێت.




باسنیوز
Top