عه‌بادی له‌ژێر فشارى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌یه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى

 عه‌بادی له‌ژێر فشارى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌یه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌نێو حزبى ده‌عوه‌ی ئیسلامی (به‌سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی) ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/ 4/ 2018 ڕای گه‌یاند، عه‌بادى، له‌ژێر فشارێكى زۆردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حزبه‌كه‌ى، بكشێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى ناو حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى، راگه‌یاند‌: "هاوپه‌یمانانى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌وانه‌ش موقته‌دا سه‌در، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌وروبه‌رى سیستانى-ین، سه‌رۆكى حكوومه‌ت له‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاراندا رێككه‌وتووه‌‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن، كه‌ زۆرێك له‌ بڕیاره‌كانى سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵكاران یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆسیه‌ى هه‌ندێك گه‌نده‌ڵكارى ڕاگرتووه‌‌، ئه‌وه‌ش له‌ترسى ئه‌وه‌ى، له‌ناو حزبه‌كه‌یدا ناكۆكیی دروست نه‌بێـت.

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ ماڵپه‌رى (غه‌دپرێس)ى عێراقی گوتووه‌: "عه‌بادی پلانى داناوه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌‌ كوردیى و سوننییه‌كاندا هاوپه‌یمانى دروست بكات، به‌ڵام ده‌ركى به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ به‌وه‌شه‌وه‌ ناتوانێت پۆستى سه‌رۆكى حكوومه‌ت به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌، به‌ڵكو پێویستى به‌ سیستانى هه‌یه‌، كه‌له‌م دواییه‌دا پاڵپشتى خۆى لێوه‌رگرته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یتوانى په‌یكه‌رى حه‌شدى شه‌عبى یه‌كلا بكاته‌وه‌‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌ختیشى كرده‌وه‌، سه‌ركردایه‌تى حزبى ده‌عوه‌ش به‌م كاره‌ى عه‌بادى زانیوه‌، داواى له‌ عه‌بادى كردووه‌، گوێ له‌م داواكارییانه‌ نه‌گرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی: "پشت به‌ستنى عه‌بادى به‌ كادرى گه‌نده‌ڵ له‌ نووسینگه‌كه‌یدا، ئه‌وى خستووه‌ته‌ ژێر ئه‌و فشار و داوایانه‌وه‌، كه‌ داوا ده‌كه‌ن، دواى ده‌رچوونى ئه‌نجامه‌كان، وه‌ك ده‌رخستنى نیاز پاكى، ده‌ست له‌ حزبى ده‌عوه‌ بكشێنێته‌وه‌".








باسنيوز
Top