چەند نهێنییەک لەبارەی گۆڕەکەی سەدام حوسێن ئاشکرا دەبن

چەند نهێنییەک لەبارەی گۆڕەکەی سەدام حوسێن ئاشکرا دەبن
چەند نهێنییەک لەبارەی گۆڕی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق ئاشکرا دەبێت و دادوەرێکیش لێدوان دەدات.

دادوەر مونیر حەداد، جێگری سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، دوای لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق، کەسوکارەکەی داوایان کرد تەرمەکەیان بدرێتەوە تاوەکو بەپێی رێوڕەسمەکانی ئایینی ئیسلام بنێژرێت.

مونیر حەداد هەروەها رایگەیاندووە، دوو کەس لە کاتی وەرگرتنی تەرمی سەدام حوسێن ئامادەبوون، کە بریتیبوون لە سەرۆکی عەشیرەتی ئەلبوناسر (عەشیرەتەکەی سەدام) و جێگری پارێزگاری ئەوکاتی سەڵاحەدین و هەردووکیشیان لەو کاتەدا بەو دادوەرەیان راگەیاندووە، ”سەدام بە زیندوویی هەر مایەی زەحمەتی بووە بۆ ئەوان و بە مردووییش هەروایە“.

چەند سەرچاوەیەکی میدیایی باس لەوە دەکەن، کە گۆڕەکەی سەدام حوسێن هەڵدراوەتەوە و تەرمەکەی لەلایەن حەلای کچییەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بردراوەتە شوێنێکی نهێنی و ئەو دادوەرەش بێ ئاگایی خۆی لەو رووداوە رادەگەیەنێت.

هەروەها شێخ ئەحمەد ئەلعنزی، ئەندامی ئەنجومەنی عەشیرەتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە زانیاریی ئەوەیان هەیە، کە بەر لە هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کۆتایی ساڵی 2014 بۆ پارێزگای سەڵاحەدین، چەند کەسێکی کەم لە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن تەرمەکەیان بردووەتە شوێنێکی نهێنی و دواتریش چەکدارانی ئەو رێکخراوە گۆڕەکەیان تەقاندووەتەوە.

شێخ مەناف عەلی ئەلنەدی، سەرۆکی عەشیرەتی ئەلبوناسر رایگەیاندووە، ئێستا شارۆچکەی عۆجە (شوێنی لەدایکبوون و ناشتنی سەدام حوسێن) چۆڵە و چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرتووە و رێگا بە کەس نادەن بچێتە ناویەوە.

شێخ مەناف عەلی ئەلنەدی هەروەها رایگەیاندووە، ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بە هەڵکێشانی داخەوەش پرسیویەتی، ”دەکرێ ئێمە نەوە لە دوای نەوە باجی کارە خراپەکانی سەدام بدەین؟“.

سەدام حوسێن، کە لە ساڵی 1937 لە شارۆچکەی عۆجە لەدایک بووە، لە ساڵی 1979 تا 2003 سەرۆک کۆماری عێراق بوو. رۆژی 5/11/2006 بەهۆی تاوانەکانی دژی گەلانی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و رۆژی 30/12/2006 لەسێدارە درا.











باسنيوز
Top