شاندێکی باڵای سەربازیی ئێرانی گەیشتە بەغدا
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 18/4/2018 ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە دوو رۆژ بمێنێتەوە.
ئەمیر حاتەمی دوای گەیشتنی، رایگەیاندووە، جگە لە پەرەپێدان بە هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و تاران، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێی ”دوایین پێشهاتەکانی سووریا و بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفوور لە سووریا“، دەکات
ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ بەغدا دوای هەفتەیەک دێت لە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفور لە پارێزگای حمس لە سووریا، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی میلیشیا ئێرانییەکان و دواتر ئیسرائیل بۆردومانەکەی لە ئەستۆ گرت.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیا چەکدارییەکان، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز