ئەمریکا مەرجی گفتوگۆکردن لەگەڵ رژێمی سووریا ئاشکرا دەکات
هیزەر نوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەگەر رژێمی سووریا مەرجەکەی ئەمریکا جێبەجێ بکات، ئەوا ئەمریکا لە جنێڤ دەست بە دانوستاندن لەگەڵ رژێمی سووریا دەکاتەوە.
هیزەر نوێرت هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی یەک مەرجی بۆ دانوستاندن لەگەڵ رژێمی سووریا هەیە، ئەویش بریتییە لەەوەی ”رژێمی سووریا بڕ و قەبارەی چەک کیمیاوییەکانی بۆ ئەمریکا ئاشکرا بکات“.
بەرەبەیانی رۆژی 14/4/2018، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بە 100 تا 120 مووشەکی تۆماهۆک، سێ بنکەی پەیوەندیدار بە چەکی کیمیاویی رژێمی سووریایان بۆردومان کرد.
ئەو بۆردومانە دوای هەواڵی کیمیابارانکردنی شاری دوما دێت لەلایەن رژێمی سووریاوە، کە زیاتر لە 150 کەس بەهۆیەوە گیانیان ەدەست دا و زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، بریندار بوون.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز