ئەمڕۆ سوپای ئەمریكا عێراقی بەسەر سونە و شیعەدا دابەش كرد

ئەمڕۆ سوپای ئەمریكا عێراقی بەسەر سونە و شیعەدا دابەش كرد
سبەی دووشەممە پازدەمین ساڵیادی داگیركردنی عێراقە لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، بەم هۆیەوە پارێزگا سونیەكانی عێراق هەوڵیان داوە سبەی وەكو ڕۆژی پشوو رابگەیەنن و پارێزگا شیعیەكانیش رەتیان كردووەتەوە بیكەنە پشوو، حكومەتیش بێدەنگە.


لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممەوە تا ئێوارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا جیاوازەكانی عێراقی فیدراڵ هەریەك لەبارەی راگەیاندنی سبەی دووشەممە وەكو رۆژی پشوو و راگرتنی دەوامی فەرمی لە دەزگاكانی دەوڵەتدا رای خۆیان هەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هیچی لەبارەی راگەیاندنی سبەی دووشەممە وەكو پشوو یان رۆژی ئاسایی نەگوتووە.


ئەمڕۆ یەكشەممە چەند پارێزگایەكی عێراق، بەتایبەتی سونەكان، لەنێویشیاندا پارێزگای مووسڵ، سبەی دووشەممەیان لە پازدەهەمین ساڵیادی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكا لە 9ی نیسانی 2003دا، وەكو پشووی فەرمی راگەیاندووە، بەڵام دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگاری مووسڵ رەتی كردەوە سبەی بكرێتە پشوو.



بڕیاری راگەیاندنی پشوو بۆ سبەی دووشەممە، وەكو جۆرێك لە ناڕەزایی و پرۆتستۆكردنی داگیركردنی وڵاتەكە لەلایەن ئەمریكا لێكدەدرێتەوە.


بەڵام پارێزگا شیعیەكان هەر لە بەیانییەوە رایەكی تریان هەبوو، لەنێویشیاندا ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا سبەینێی وەكو رۆژی ئاسایی راگەیاندووە و رەتی كردووەتەوە بكرێتە پشوو.


هەروەها تەحسین كامل خەساف پارێزگاری بەسرا لە بەیاننامەیەكدا رەتی كردەوە سبەینێ دووشەممە پشوو بێت، یادی رۆژەكەشی بە ڕێكەوتنی خۆش و كەوتنی ڕژێمی لەناوچووی عێراق وەسف كرد، بە پێچەوانەی پارێزگا سونەكانی عێراق كە رۆژەكەیان بە داگیركاری ئەمریكا وەسف كردووە.
bas news-
Top