سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا: تائێستا عه‌بادی "یه‌ك دۆلار"ی له‌ كۆنگره‌ى كوه‌یت وه‌رنه‌گرتووه‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا: تائێستا عه‌بادی
هه‌رچه‌نده‌ دوو مانگ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام تائێستا عێراق"یه‌ك دۆلار"ی له‌و پارانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌ وڵاتان له‌ "كۆنگره‌ى كوه‌یت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق" به‌ڵێنیان به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادی دا و ژماره‌یه‌كیشیان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌.



به‌رپرسێكى باڵا له‌ حكوومه‌تى به‌غدا، هۆكارى پێنه‌دانى پاره‌ به‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى لایه‌نه‌ ته‌كنیكییه‌كان و بارودۆخى ئه‌و وڵاتانه‌یه‌، كه‌ به‌ڵێنى به‌خشینی پاره‌یان داوه‌.

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ ئاشكراى كرد، سه‌ربارى تێپه‌ڕینی دوو مانگ، به‌ڵام تائێستا "یه‌ك سه‌نت" به‌عێراق نه‌دراوه‌، ته‌نها هاوكارییه‌كانى ڕێكخراوێكى خێرخوازى كوه‌یتی و ڕێكخراوێكى ترى قه‌ته‌رى نه‌بێت، كه‌ ئه‌وانه‌ش بۆ بواره‌كانى خوێندن و ته‌ندروستین له‌ فه‌لوجه‌ و مووسڵ و ناوچه‌ لێقه‌وماوه‌كانى تر.



باسى له‌وه‌ش كرد، كه‌ زۆرێك له‌ وڵاتان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ و جۆرێك له‌خۆدزینه‌وه‌یان پێوه‌ دیاره‌، گوتیشی: "ئێستا عێراق له‌ هه‌وڵدایه‌، هه‌ڵوێستى كۆتایی ئه‌و وڵاتانه‌ بزانێت، به‌وه‌ى ئایا پابه‌ندن به‌ به‌ڵێنه‌كانیان، یان به‌یه‌كجاریی په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌".



به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، عێراق پێویستى به‌ڕوونكردنه‌وه‌ی شێوازى قه‌رزه‌كانه‌، كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ پێیده‌ده‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ ئه‌نجامێكى ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌.
bas news -
Top