ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق واژۆی فوئاد مەعسوم فەرامۆش دەکات
بەپێی نووسراوێک، کە بۆ نووسینگەی وەزیری داد نێردراوە، مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە وەکالەت داوا لە وەزیری داد دەکات، یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاو بکاتەوە.
مەهدی عەلاق بە پشت بەست بە بڕگەیەکی دەستووری عێراق رایگەیاندووە، ماوەی یاسایی بەردەست بۆ فەئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ واژۆکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018 تەواو بووە و بەپێی دەستوور یاساکە بە واژۆکراو دەزانرێت.
دوای نووسراوەکەی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە وەکالەت بۆ نووسینگەی وەزیری داد، کە لە 25/3/2018 نێردراوە، نزار محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری نووسینگەی فوئاد مەعسوم لە رۆژی 27/3/2018 نووسراویکی بۆ وەزارەتی داد ناردووە.
لە نووسراوەکەدا، نزار محەمەد سەعید داوا لە وەـزیری داد دەکات یاساکە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاو نەکاتەوە، چونکە هێشتا فوئاد مەعسوم وـژۆی نەکردووە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق پێی وایە نووسراوەکەی مەهدی عەلاق ”پێشێلکارییەکی روون“ی دەستوور و یاسای عێراقییە و ”هیوادارین فەرمانگەی وەقایعی عێراقی ئاگادار بکەنەوە، کە یاساکە بڵاو نەکاتەوە“.
بەپێی بنەماکانی دەاستووری عێراق، هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت، دەنێردرێتە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و پێویستە سەرۆک کۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا واژۆی بکات، ئەفەرنا بە واژۆکراو هەژمار دەکرێت.
هەروەک لە دەستووری عێراقیدا هاتووە، هەموو یاسا پەسەندکراوەکان لە رۆژی بڵاو بوونەوەیان لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی کاریان پێ دەکرێ و ئۆتۆماتیکی دەچنە بواری جێبەجێکردن.
باسنيوز