عه‌بادى: هێشتا مه‌ترسى له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى خاكی عێراق ماوه‌

عه‌بادى: هێشتا مه‌ترسى له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى خاكی عێراق ماوه‌
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، پێشوازى له‌ هه‌ماهه‌نگى و كارى هاوبه‌شى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و پلانى هاوبه‌شى ئه‌منيى له‌ ناوچه‌كانى سنوورى مادده‌ى 140 كرد.

عه‌بادى له‌ وته‌ى هه‌فتانه‌ى خۆيدا، رايگه‌ياند، هێشتا مه‌ترسى پرۆژه‌ى دابه‌شكردنى عێراق له‌ناو نه‌چووه‌ و رێكخراوى داعش يه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌كانى پرۆژه‌ى دابه‌شكردنى عێراق.

عه‌بادى ره‌خنه‌شى له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن گرت و رايگه‌ياند، سه‌رمان سوڕماوه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵى راگه‌ياندن، كه‌ خزمه‌تگوزارى ميديايى به‌ خۆڕايى پێشكه‌ش به‌ داعش ده‌كه‌ن و هه‌واڵى ناڕاست و هه‌ڵبه‌ستراو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى داعش بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ باره‌ى درووستكردنى هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر وڵاتان، عه‌بادى گوتى: "عێراق په‌يوه‌سته‌ به‌ ده‌ستووره‌كه‌يه‌وه‌ و ده‌ستووريش رێگه‌ نادات، وڵات ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا خشته‌يه‌كى كاتى بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌ سه‌ربازييه‌كانى بيانى له‌سه‌ر خاكى عێراق داده‌نێين".

هه‌روه‌ها گوتى: "هيچ فڕۆكه‌يه‌كى بيانى به‌ بێ ره‌زامه‌ندى فه‌رمی عێراق بۆى نييه‌ ئاسمانى وڵاته‌كه‌مان به‌كاربهێنێت".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا(پێنتاگۆن) له‌ كۆتايى ساڵى رابردوو رايگه‌ياندبوو، ژماره‌ى سه‌ربازه‌ ئه‌مريكييه‌كان له‌ عێراقدا 8 هه‌زار و 892 سه‌ربازه‌.

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، داواشى له‌ هه‌مووان كرد، هاوكارى ئاواره‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان.

عه‌بادى، له‌ 21ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌رى 2017دا سه‌ركه‌وتنى يه‌كجاره‌كى به‌سه‌ر داعشدا له‌ عێراق راگه‌ياندبوو، به‌ڵام له‌ نوێترين وتاريدا ئاماژه‌ به‌ بوونى مه‌ترسى ئه‌و رێكخراوه‌‌ له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى خاكی عێراق ده‌كات.

هه‌ر ئه‌مڕۆش وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا، رايگه‌ياند، داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك، مه‌خمور، قائيم و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى دیكه‌ی عێراق كرده‌وه‌ى تيرۆريستى ئه‌نجام ده‌دات و كۆتايى پێ نه‌هاتووه‌.




K24
Top