بێ ئاوی و تێنوێتی هەڕەشە لە عێراق دەكات
عەبدولڕەحمان عەلیڕەزا، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی بێ ئاوی دایە و عێراقیش لەو وڵاتانەیە كە هەڕەشەی تێنوێتی لەسەرە و ساڵانی دادێ ئاو لە عێراقدا بەتەواوی كەم دەكات كە هۆكارێكی سەرەكی وشكەساڵییە و هۆكارێكی تریشی ئەو ڕێوشوێنانەیە كە وڵاتانی توركیا و ئێران و سوریا گرتوویانەتە بەر".
هەروەها گوتی "عێراق ساڵانە لانیكەم پێویستی بە 50 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ هەموو سێكتەرەكان، كە بەپێی پۆلێنكردنی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ڕێژەی 75% ی بۆ بواری كشتوكاڵ و 12% ی لە هۆڕەكاندا بەكاردێت و 8% ی لەناوماڵان و 2.5% ی بۆ كەرەستەی بیناسازی و 2.5% ی بۆ حەوزەكانی ماسی بەكار دێت".
ناوبراو ئاماژە بەوەدەدات "بەپێی توێژینەوەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، لە ئێستادا ئاو بەڕێژەی 30% كەمیكردووە و ساڵی داهاتووش ڕێژەكە بەرزدەبێتەوە بۆ 50% كە هۆكارەكانی بۆ درووستكردنی بەنداو لە وڵاتانی دراوسێ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق و وڵاتە دراوسێكان و سەرپێچیكردن و بەفیڕۆدانی ئاو دەگەڕێتەوە".
ڕوونیشیكردەوە "هەرچەندە سێ بەشی ئاوی عێراق بۆ كشتوكاڵ بەكاردێت كەچی لەمساڵدا یەك ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵی كە بۆ گەنم بەكاردەهێنران بوونەتە دێم و بیابان".
bas news-