ئیمارات: قەتەر پارەی بە حەشدی شەعبی داوە بۆ كاری تیرۆریستی
ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنوەر قەرقاش وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ كاروباری دەرەوە رایگەیاند ئەو پارەیەی حكوومەتی قەتر گوایە بۆ ئازادكردنی بارمتەكانی لە عێراق بژاردوویەتی، لە راستیدا بە چەند میلیشیایەكی حەشدی شەعبی داوە، بۆ ئەوەی لە كاری تیرۆریستیدا بەكاری بێنن.
قرقاش لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "حكوومەتی قەتەر بڕە پارەیەكی زەبەلاحی لەنێوان 700 ملیۆن تاكو یەك ملیار دۆلاری بە چەند گرووپێكی تیرۆریستی تەمومژاوی بەخشیوە، كە لە حزبوڵا و حەشدی شەعبی و نوسرە پێكدێن، دەوحە ناتوانێ نكۆڵی لەمە بكات، لەبەرئەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەستدان.
لە پۆستێكی تریشدا ئاماژەی بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی كردووە و نووسیویەتی "پارەكەی قەتەر بۆ رزگاركردنی بارمتەكانی بژاردی، بۆ حەشدی شەعبی و نوسرە و گرووپە تیرۆریستییەكانی تری ناردوون.
وەزیرە ئیماراتیەكە لە كۆتاییدا نووسیویەتی یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی تیرۆر، كڕۆكی تەنگژەكانی ئەم ناوچەیەن.
bas news-