ساڵى 2018یه‌ و قوتابخانه‌كانى عێراق به‌م شێوه‌یه‌ن

 ساڵى 2018یه‌ و قوتابخانه‌كانى عێراق به‌م شێوه‌یه‌ن
هه‌رچه‌نده‌ له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌یان ملیار دۆلار بۆ دروستكردنى قوتابخانه‌ ته‌رخان كراون، به‌ڵام تائێستاش به‌شێكى زۆر له‌ قوتابیانى عێراق، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگاكانى خواروو، له‌ ناو قوتابخانه‌ى گڵ ده‌خوێنن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، له‌ زستاندا تووشى كێشه‌ى هاتوچۆكردن و سه‌رما و سۆڵه‌ ده‌بنه‌وه‌.


پێشتر به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردبوو، كه‌ له‌ته‌واوى پارێزگاكاندا (به‌ بێ هه‌رێمى كوردستان)، 15 هه‌زار قوتابخانه‌ هه‌ن، به‌ڵام سه‌دان له‌و قوتابخانانه‌ له‌ گڵ دروستكراون و پشتگوێخراون.


ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌رى (جه‌زیره‌ نێـت) ئاشكراى كردبوو، له‌به‌ر پێویستى ئه‌و ناوچانه‌ به‌ قوتابخانه‌، ناچار له‌ گڵ قوتابخانه‌یان دروستكردووه‌، چونكه‌ تێچووى كه‌مه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا دروست ده‌كرێت.


له‌باره‌ى بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ دروستكردنى قوتابخانه‌ له‌ دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ ، ئه‌و به‌رپرسه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌ له‌ ڕاستیدا پاره‌یه‌كی زۆر ته‌رخان كراوه‌ و به‌ ده‌یان ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ بێ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ئه‌و قوتابخانانه‌ بڕوخێندرێن و قوتابخانه‌ى مۆدێرن له‌ وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وتى وه‌ك عێراق، دروست بكرێن.
bas news-
Top