پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: واژۆی مەعسوم هیچ گرنگییەکی نییە

 پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: واژۆی مەعسوم هیچ گرنگییەکی نییە
ژنە پەرلەمانتارێکی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ناڕاستەوخۆ رایدەگەیەنێت، کە رەتکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە، هیچ گرنگییەکی نییە.

ئیبتیسام هیلالی، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەگەر فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجە رەت بکاتەوە یان واژۆی بکات، هیچ گرنگییەکی نییە، چونکە ”ئەو ناتوانێ یاسایەکی پەسەندکراو لە پەرلەمان رەت بکاتەوە“.

ئیبتیسام هیلالی هەروەها رایگەیاندووە، فوئاد مەعسوم دەتوانێ لە دادگای فیدڕالی تانە لە یاساکە بدات، ئەگەر پەسەندی بکات یان رەتی بکاتەوە، دوای 15 رۆژ لە پەسەندکردنی یاساکە، راستەوخۆ و بەشێوەیەکی خۆکار (ئۆتۆماتیکی) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناڕاستەوخۆ وەڵامێکی توندی وەڵامی فوئاد مەعسومی دابووەوە و رایگەیاندبوو، ”هیچ کەسێک مافی نییە بودجەی گشتیی وڵات دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، رابگرێت“.

رۆژی سێشەممە 13/3/2018، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2018 رەت کردووەتەوە و گەڕاندوویەتییەوە پەرلەمان.

هەر لە رۆژی سێشەممەدا، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، رەتکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن فوئاد مەعسومەوە بەھۆی رەتکردنەوەی یاساکەیە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە.

شەوی شەممە 10/3/2018، فوئاد مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)دا رایگەیاند، تەنیا لێکۆڵینەوە لە کێشە تەکنیکییەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکات و کاری بەسەر کەمکردنەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانەوە نییە.

رۆژی 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەی سوننەمەزھەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.

بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.









باسنيوز
Top