عەبادی بە توندی وەڵامی فوئاد مەعسوم دەداتەوە

 عەبادی بە توندی وەڵامی فوئاد مەعسوم دەداتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە توندی وەڵامی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ”بۆ کەس نییە“ بودجە رابگرێت.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن وێنەیەکی واژۆکراوی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018 بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران.



حەیدەر عەبادی ناڕاستەوخۆ وەڵامێکی توندی فەئاد مەعسومی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ”هیچ کەسێک مافی نییە بودجەی گشتیی وڵات دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، رابگرێت“.



رۆژی سێشەممە 13/3/2018، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2018 رەت کردووەتەوە و گەڕاندوویەتییەوە پەرلەمان.



هەر لە رۆژی سێشەممەدا، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، رەتکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن فوئاد مەعسومەوە بەھۆی رەتکردنەوەی یاساکەیە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە.



شەوی شەممە 10/3/2018، فوئاد مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)دا رایگەیاند، تەنیا لێکۆڵینەوە لە کێشە تەکنیکییەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکات و کاری بەسەر کەمکردنەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانەوە نییە.



رۆژی 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەی سوننەمەزھەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.



بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.








باسنیوز
Top