بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مەسیحییان: ژیانی مەسیحییەکان لە عێراق لەوپەڕی مەترسی دایە

 بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مەسیحییان: ژیانی مەسیحییەکان لە عێراق لەوپەڕی مەترسی دایە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ژیانی مەسیحییەکانی عێراق لەوپپەڕی مەترسی دایە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە رۆژی یەکشەممە 11/3/2018 لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف بڵاو کراوەتەوە، رۆژانە هاووڵاتییانی مەسیحی و ئایینەکانی دیکەی عێراق رووبەڕووی تیرۆر و هەڕەشە دەبنەوە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسیحی و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە لە عێراق ژیانیان لە مەترسی دایە و ”لەژێر هەڕەشەی جددین“ و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات بکوژانی دوو پزیشکە مەسیحییەکەی بەغدا بدۆزێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەسیحییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەسەر ژیانیان دروست بووە، بەردەوام مەسیحییئەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن و بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 8/3/2018، ژمارەیەک چەکدار لە ناوچەی مەشتەل لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق هەڵیان کوتایە سەر ماڵی دکتۆر هیشام شەفیق مەسکونی (پزیشک) و ئەو و شەزا مالیک دەنۆی هاوسەری (پزیشک) و خەیرییە داودی دایکیان بە چەقۆ کوشت.

بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و بڵاو بوونەوەی دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداری لە شەقام و شارەکانی عێراق، بەردەوام کردەی تیرۆریستی، رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە بەغدای پایتەخت، روو دەدەن.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، هەزاران هاووڵاتیی مەسیحی لە ترسی گرووپە توندڕەوە تائیفی و تیرۆریستییەکان، بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیان بەجێ هێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە کوردستان پێچەوانەی عێراق و زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسیحییەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەموو ئەو ئەرک و مافانەیان هەیە، کە هاووڵاتییانی کورد، تورکمان، عەرەب، موسڵمان، ئێزدی و کاکەیی هەیانە و لەسەریانە.










باسنيوز
Top