عەبادی جیاکاریی لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان دەکات

 عەبادی جیاکاریی لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق جیاکاریی لەنێوان پێکهاتە ئاینییەکانی وڵاتەکەی دەکات و پەرلەمانتارێکیش پەیامێکی بۆ دەنێرێت.



میسال ئالوسی، پەرلەمانتار و سەرکردەیەکی ناسراوی عێراقی پەیامێک بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنێرێت و تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی عەمرەکاندا، رایگەیاندووە، ”بە چ بڕگەیەکی دەستوور فڕۆکەخانە بە رووی کێ پێت خۆشبێ دەکەیەوە و بە رووی کێش پێت ناخۆشە، دادەخەی؟“.



میسال ئالوسی لە پەیامەکەیدا، بە ئاماژەکردن بەوەی حەیدەر عەبادی جیاکاریی لەنێوان پێکهاتە ئاینییەکان دەکات و لێی دەپرسێ، ”لە چ دەق و ئایەتێکی ئایینیدا هاتووە موسڵمان مافی گەشتکردنی بۆ دەرەوە هەیە و مەسیحی، جوولەکە، سابیئی و ئێزدی ئەو مافەی نییە؟“.



ئەو سەرکردە عێراقییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش لە هەرێمی کوردستان هەن و پێویستییان بە چوونە دەرەوە هەیە بۆ چارەسەر، بەڵام عەبادی رێگا نادات گەشت بکەن و چارەسەر وەربگرن.



میسال ئالوسی بەبیر حەیدەر عەبادی دەهێنێتەوە، کە ئەویش رۆژێک لە رۆژان پەنای بردووەتە بەر وڵاتانی رۆژئاوا و لەوێ پێگەیشتی و رایگەیاندووە، ئێستاش خێزانی وا هەیە لە هەرێمی کوردستان بەشێکیان لە دەرەوەن و پێویست دەکات بە یەکتر شادببنەوە.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.



دوای زیاتر لە پێنج مانگ داخستنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 7/3/2018 لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و رۆژی پێنجشەممەش لە فڕۆکەخانەی هەولێر، دوو گەشتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی عەمرەکارانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە، ئەنجام دران.




باسنیوز
Top